ناوهڕۆك
ناساندن
بلیمەتی منداڵەکەت دەربخە (بە ئینگلیزی: Show your creative child، بە عەرەبی: اظهر طفلك المبدع)، پەروەردەی تەندروست کاری تەنها ئاشنابوون نییە بە گەشەی منداڵ یان هونەری پەروەردەکردنی منداڵ، پێویستە ئەو خاڵانە بدۆزیتەوە کە بلیمەتی لە ناو منداڵەکەدا گەشە دەکات.
پەکخەرەکانی بلیمەتی منداڵ
١- دڵڕەقی و مامەڵەی توند: دڵڕەقی دایک و باوک، مامەڵەی توندی مامۆستا بلیمەتی منداڵ پەکدەخەن و لە نێوی دەبەن.
٢- پشتگوێخستن: گوێنەدان بە منداڵ، بلیمەتییەکەی لە ناو دەبات، کاتێک منداڵ هەست بە توانا و بلیمەتییەکانی خۆی نەکات چۆن پەرە بە بەهرە و بلیمەتییەکانی خۆی دەدات.
٣- فشاری خێزانی: گرفتە خێزانییەکان شوێنەواری خراپ لەسەر منداڵ جێ دەهێڵن، بە تایبەتی ئەگەر گرفتەکان لە نێوان دایک و باوکدا بن، بیرکردنەوەکانی پەرت و بڵاو دەکەن، لە جیاتی داهێنان و دەرخستنی بلیمەتی خۆی، تووشی خەمۆکی و بێ ئومێدی دەبێت.
٤- گرفتە ڕەفتارییەکان: وەک جووڵەکردنی لە سنوور دەرچوو، هەڵچوون، لاملی زۆر، توندوتیژی و دژەکاریی.
٥- گرفتە دەروونییەکان: وەک ترس و خەمۆکی و بێ ئومێدبوون، خۆ بەکەمزانین، متمانە بەخۆبوون.
٦- شێوازی فێرکاری: شێوازی فێرکردن گەشە بە بلیمەتی و داهێنانی منداڵ دەدات. زۆرجار منداڵ لە تەمەنێکی بچوکدا نیشانەی بلیمەتی تێدا دەردەکەوێت، بەڵام لە گەورەبوون لە دەستی دەدات.
٧- نەبوونی ستراتیژییەکی ڕوون بۆ ئاشکراکردن و چاودێریکردنیان.
٨- دابڕانی زانستگەیی لە بازاڕی کار.
٩- نەبوونی ئازادی داهێنان و بلیمەتی کەم دەکاتەوە.
منداڵی بلیمەت کێیە؟ جیاوازییەکانی چین لەگەڵ منداڵ ئاسایی؟
کۆمەڵێک ئاماژە هەن بۆ دەرخستنی منداڵی بلیمەت و جیاکردنەوەی لە منداڵی دیکە:
جیاوازییە جەستەییەکان
- منداڵی بلیمەت لە منداڵانی دیکە وریایی و تەندروستی باشترە.
- درێژی و کێشی زیاترە.
- زوو پێ دەگرێت.
- زوو باڵغ دەبێت.
- بونیەیی بەهێزە.
تایبەتمەندییە هۆشییەکان
- زۆر زیرەکن، توێژینەوە دەروونییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان زیرەکی و داهێناندا هەیە، لە %٩٠ی داهێنەرەکان زیرەکن، بە واتایەکی دیکە هەموو داهێنەرێک زیرەکە، بەڵام هەموو زیرەکێک داهێنەر نییە.
- زۆر پرسیار دەکات، بەرانبەرەکەی ڕادەگرێت.
- زمانێکی ڕوون و ڕەوانی هەیە.
- بیرۆکەی داهێنەرانەی هەیە.
- تێبینی زۆر ورد دەدات.
- حەزی لە خوێندنەوەیە.
- حەز بە تاقیکردنەوەی بیرۆکەکانی دەکات.
جیاوازییە دەروونییەکان
- متمانە بە خۆبوونی هەیە.
- خواستێکی بەهێزی هەیە.
- حەزی لە پێشەنگییە.
- حەزی بە پشکنینە.
- گەشبین و دڵخۆشە.
- دەروونێکی هاوسەنگ و تەندروستی هەیە.
- حەزی بە خۆ خستنە ناو مەترسییە.
- توانستی کارکردنی هەیە.
ئەو هۆکارانە چین کە یارمەتیت دەدەن لەسەر دۆزینەوەی بلیمەتی و گەشەپێکردنی منداڵەکەت؟
١- دوورکەوتنەوە لە شێوازە هەڵەکانی پەروەردەکردن، وەک: دڵڕەقی، نازپێدانی زۆر، چاودێریکردنی بێسنور، پشتگوێخستن.
٢- بەگەڕخستنی پەروەردی نوێ لە پەروەردەکردنی منداڵدا، وەک: پەروەردەکردن بە پاداشت و سزا، بە ڕوودا و چیرۆک.
٣- دەرخستنی لایەنە باشەکانی، لایەنە درەوشاوەکانی، زیرەکی، جوانی، ئازایەتی.
٤- هاندان، بە منداڵەکەت بڵێ: پاڵەوان، بلیمەت، هونەرمەند، داهێنەر.
٥- ئەرکی قورس مەخەرە سەر منداڵەکەت چونکە ڕەنگە پێی نەکرێت و فێری درۆ بێت، دوواجار متمانە بەخۆبوون لە دەستدەدات.
٧- کات و هەل و شوێنێکی گونجاو بۆ منداڵەکەت دیاری بکە، تاکو گوزارشت لە تواناکانی بکات.
٨- هەوڵبدە منداڵەکەت خۆی مامەڵە بە پارە و شتەکان بکات.
٩- واز لە منداڵەکەت بهێنە خۆی بڕیار لەسەر ژیانی خۆی بدات.
١٠- کۆمەڵێک شتومەکی یاریی بۆ بێنە، بە تایبەتی ئەو یارییانەی منداڵ دەخە بیرکردنەوە.
١١- وازی لێبێنە بە ئارەزووی خۆی وەرزش بکات.
١٢- با کەلو پەلی یاری بە گوێرەی ڕەنگ، قەبارە، پانی و درێژی بێت.
١٣- چەند کتێبێکی چیرۆکی بۆ بکڕە، لێی گەڕێ باخۆی چیرۆکەکان هەڵبژێرێت و دواتر بیخوێنێتەوە.
١٤- لەگەڵیدا بڕۆ بۆ کتێبفرۆشەکان، چ کتێبێکی ویست بۆی بکڕە.
١٥- پێکەوە بڕۆن بۆ هەندێک مۆزەخانە و داهێنەرانی پێ بناسێنە.
١٦- کۆمەڵێک پرسیار لە منداڵەکەت بکە، بە تایبەت ئەو پرسیارانەی خەیاڵ و داهێنان پەرە پێدەدەن، وەک:
ــ ئەگەر کۆمپیوتەر دانەهێنرابایە چی دەبوو؟
ــ ڕووی لێکچوونی مۆز و لیمۆ چین؟
ــ ئەگەر دزێک هاتە ماڵتان چی دەکەیت؟