ناوهڕۆك
پشتگوێخستن و فەرامۆش کردنی منداڵ
مرۆڤ بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، بۆیە دەبێ لە ناو کۆمەڵ بژیت و لەگەڵ تاکەکانیدا کارلێک بکات، نەک بب تەنیا لە گۆشە تاریکەکاندا ژیان بەسەر ببات.
ئەڵبەتە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنی منداڵ، ئەم فەرامۆشکردنەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- هەبوونی کێشە و ناکۆکی توند لە نێوان دایک و باوک.
- خستنەوەی وەچەیەکی زۆر (فرە منداڵی).
- فرەکاری و پڕئیشی.
- هەست نەکردن بە بەرپرسیاریەتی.
- نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.
- پێشێلکردنی مافەکانی منداڵ.
- لەبەرچاونەگرتنی خواستەکانی منداڵ.
- خەمساردی و بێباکی.
- ئاشنا نەبوونی دایک و باوک بە شێوازە پەروەردەیییەکان و ...تاد.
بێگومان پشتگوێخستن و فەرامۆشکردنی منداڵ، لەلایەن دایک و باوکییەوە، هەڵەیەکی کوشندەیە، چونکە ئەم زیانانەی خوارەوە بە دوای خۆی دێنێت:
- منداڵ بەڕەڵا و لاسار دەبێت.
- هەست بە بەرپرسیارەتی ناکات و خەمسارد و کەمتەرخەم دەبێت.
- گوێڕایەڵی دایک و باوکی ناکات.
- پابەند نابێ بە گفتەکانیییەوە.
- بەدگومانی و بێ متمانەیی لای دروست دەبێت.
- بڕوا و متمانەی بە خۆی نابێت.
- ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت.
- لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی منداڵ بەڕەڵا نەبێت و هەمیشە کەسێکی گوێڕایەڵ و فەرمانبەردار بێت و بتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت، دەبێ دایک و باوک ئەم هەنگاوە گرنگانەی خوارەوە بهاوێژن:
- دەبێ خەمخۆر و دڵسۆز و دۆستی منداڵەکانیان بن.
- پەوەردەکردنی منداڵەکانیان بە هەند وەربگرن.
- کەلێن و بۆشاییەکی وا دروست نەکەن، کەوا منداڵ لەدەستیان دەربچێ و بەڕەڵا ببێت.
- سۆز و میهرەبانی خۆیان پێ ببەخشن.
- ڕێگە نەدەن ببێتە هاوڕێی کەسانی لاسار و خراپ.
- ڕۆژانە چاودێری و بەواداچوونیان هەبێت بۆ کار و هەڵسوکەوتەکانی منداڵ.
- خۆیان بە بەرپرس بزانن دەرهەق بە منداڵەکانیان.
- پارە کۆکردنەوە و گەشت و گوزار لەسەر حسابی بەخێوکردنی منداڵ نەبێت.
- دەبێ دایک و باوک ئاشنا بن بە شێوازە تازەکانی پەروەردە و فێرکردن.
- خۆپاراستن لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک.
- کاری سەخت بە منداڵ نەکەن، کە بەدەر بێت لە توانا جەستەییەکانی.
سەرچاوەکان
1234 بینین