ناوهڕۆك
ناساندن
هونەری پەروەردەکردنی منداڵ (بە ئینگلیزی: The art of educating children with story، بە عەرەبی: فن التعليم الأطفال بالقصة)، منداڵان بە سروشت حەز بە چیرۆک دەکەن بەهۆی چیرۆکەوە چەندان ئامۆژگاری و مەبەستی جوان دەگەنە شوێنی خۆیان، چەندان بیرۆکەی باش دروست دەبن، ڕۆحی بەرگری و داهێنانی تێدا دروست دەکات، بەهۆی چیرۆکەوە فێری دان بەخۆدا گرتن دەبێت.
بۆچی منداڵ حەز بە چیرۆک دەکات؟
١- چونکە هۆیەکە بۆ نزیک خستنەوەی دایک و باوک لە یەکتری.
٢- چونکە لە نێو چیرۆک هەست بە خۆشەویستی و بایەخپێدان دەکات.
٣- بە چیرۆک حەزی بەدواداگەڕانی زیاد دەکات.
٤- حەزی جووڵەکردنی بەتاڵ دەبێتەوە.
٥- چیرۆکی خەیاڵی منداڵ تێر دەکات.
سوودە پەروەردەییەکانی چیرۆک بۆ منداڵ
- گەشە بە مێشک و خەیاڵی منداڵ دەدات.
- بیر و هۆشی منداڵ ڕوون دەکاتەوە.
- ئەو ئەزموونانە فێر دەبێت کە مرۆڤ پێویستی پێیان دەبێت.
- هەلی گفتوگۆکردن لە نێوان منداڵ و دایک و باوکدا دەڕەخسێنێت.
- فێری چەند رێگایەک دەبێت بۆ چارەسەری کێشەکان.
- چەندان وشەی نوێ فێر دەبێت و لایەنی زمانەوانی باش دەبێت.
- کۆمەڵێک بەهای جوان فێردەبێت.
- حەزی خوێندنەوەی لای دروست دەبێت.
- خەوی خۆش دەبێت و گرفتی تێکچوونی خەوی نامێنێت.
- گەیاندنی پەیامی خۆشەویستی دایک و باوک بە منداڵەکانیان.
- گەشەپێدانی بەهرە و کارامەییەکانی منداڵ.
- بەهۆی چیرۆکەوە هەندێک خەیاڵی خراپ لە مێشکی منداڵ دەسڕێتەوە.
- چیرۆک بەشێک لە ئەزموونە هەڵەکانی منداڵ ڕاست دەکاتەوە.
- چیرۆک چارەسەری ڕەفتارە خراپەکان دەکات.
- منداڵ فێری گوێڕایەڵی دەکات.
- چیرۆک منداڵ لە دڵەڕاوکێ و ترس ڕزگار دەکات.
چۆن چیرۆکێکی گونجاو بۆ منداڵەکەت هەڵدەبژێریت؟
١- پێویستە لە ناوەڕۆکی چیرۆکەکە دڵنیا بن بزانن ئەو پەیامەی کە چیرۆکەکە دەیگەینێت چییە.
٢- ڕەچاوی قۆناغەکانی تەمەنی منداڵ بکەن بە نموونە منداڵ لە ٣ ــ ٦ ساڵ حەزی لە چیرۆکی وێنەدار و سادە هەیە بە تایبەتی چیرۆکی ئاژەڵان.
٣- ئەو چیرۆکەی کە بۆ منداڵەکەت دەیکڕیت پێویستە لایەنی دەرهێنانی هونەری و وێنە و نووسینەکانی جوان بێت.
٤- ئەو چیرۆکەی بۆ منداڵی خوار تەمەن ٤ ساڵ دەیخوێنیتەوە پێویستە قەبارە و کێش و کات و ماوەی تێدا نەبێت، منداڵ لەو تەمەنەدا لەمانە تێناگات.
٥- بۆ منداڵی بچوک خۆت لە خوێندنەوەی چیرۆکی تراژیدی بپارێزە.
٦- نابێت چیرۆکەکە کۆتاییەکی بێزارکەری هەبێت.
٧- چیرۆکەکە ئاسان و ڕەوان بێت.
٨- چیرۆکەکە ئامانجدار بێت.
٩- لە چیرۆکی تاوانکاری و کوشتن، خواردنەوەی مەی، داوێن پیسی خۆت بە دووربگرە.
١٠- پێویستە چیرۆکەکە ڕاستەقینە بێت نەک خەیاڵی.
١١- پێویستە ناونیشانی چیرۆکەکە گوزارشت لە ناوەڕۆکەکەی بکات.
١٢- لە یەک چیرۆکدا کۆمەڵێک بیرۆکە چڕ نەکرێتەوە و کار لەسەر یەک پەیام بکرێت.
شێوازێکی گونجاو بۆ چیرۆک خوێندنەوە
لەباربوونی لایەنی دەروونی چیرۆک خوێن و منداڵەکە:
١. لەبارەی چیرۆک خوێن
- پێویستە دایک و باوک یان هەر کەسێک چیرۆک بۆ منداڵ دەخوێنێتەوە لە هەڵچوون و دوودڵی بە دوور بێت، مەیلی لە خوێندنەوەی چیرۆک بێت.
- پێویستە لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆک تەماشای منداڵەکەت بکەیت و لەگەڵیدا چێژ ببینیت.
٢. لەبارەی منداڵە
- باری دەروونی باش بێت.
- بەهیچ شتێکی دیکەوە سەرقاڵ نەبێت.
- باش وایە لە کاتی خوێندنەوەی هەر چیرۆکێک پەرداخێک شەربەت یان پەرداخێک شیر بخۆنەوە.
شوێنی چیرۆک خوێندنەوە
- پێویستە شوێنی چیرۆک خوێندنەوەکە لەبار بێت هێمن و بێ ژاوەژاو بێت.
- بەبێ تەلەڤزیۆن و کۆمپیوتەر بێت.
- ڕووناکییەکی لاوازکراو هەبێت.
٣. چیرۆک خوێن چۆن لەگەڵ منداڵەکە تێکەڵ دەبێت؟
- ڕووخسار: پێویستە ڕووخساری چیرۆک خوێن کراوە و گەش بێت لە کاتی گێڕانەوەی چیرۆک سەرسامی و غەمباری، توڕەیی، شادی، لەسەر ڕووخسار دەربکەوێت.
- لە سەرەتای چیرۆکەکە بزەیەک بکات، چونکە خەندە و پێکەنین لە دەسپێکی چیرۆکەکە منداڵ دەخاتە نێو قوڵای چیرۆکەکە.
- دەنگ: پێویستە دەنگی چیرۆک خوێن لەگەڵ ناوەڕۆکی چیرۆکەکە یەکبگرێتەوە. نە هێندە بە سستی بیگێڕێتەوە کە تاقەتی منداڵەکە ببات، نە هێندە بە پەلە بێت تێی نەگات و سوودی لێ وەرنەگرێت.
- جووڵەی دەست و جەستە پێویستە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بن.
٤. لەبارەی ڕووداوەکانی نێو چیرۆکەکە
- پێویستە ڕێکخستنی گونجاو لە نێو چیرۆکەکە هەبێت.
- پاڵەوانی چیرۆکەکە ڕوون و ئاشکرا بێت.
- تەمەنی پاڵەوانی چیرۆکەکە و منداڵەکە پێکەوە ببەستەوە.
- باش وایە ڕووداوەکانی ناو چیرۆکەکە لەگەڵ ئاستی کۆمەڵایەتی منداڵەکە بگونجێت.
- نابێت چیرۆکەکە لە ٣٠ خولەک زیاتر بێت.
٥. کۆتایی چیرۆکەکە
- وردە وردە دەنگت نزم بکەرەوە، وەک ئەوەی پێی بڵێیت لە کۆتایی نزیک بووینەتەوە.
- بە جووڵەی جەستەت وای نیشان بدە بەرەو کۆتایی چیرۆکەکە دەچن.
- لە کۆتایدا لە منداڵەکە بپرسە چی سوودێکی لێ چیرۆکەکە وەرگرتوو.