ناوهڕۆك
زیاد وابەستەکردنی منداڵ بە دایک و باوکەوە
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە زیاد وابەستەکردنی منداڵ بە خۆیانەوە، واتە، دایک و باوکەکان، لە شینی و شادییەکان و خۆشی و نەخۆشییەکان، بۆ هەر شوێنێ بچنم منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن و بە خۆیانەوە دەچەسپێنن، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- خۆشویستنی منداڵ زیاد لە حەددی خۆی.
- نازاندنی منداڵ.
- ترسان لە چارەنووسی منداڵ.
- لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
- ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- هەبوونی ژینگەیەکی ناتەندروست.
- چاولێگەری.
- هەبوونی دوودڵی و دردۆنگی.
- هەبوونی هەستیارییەکی زۆر.
زیانەکانی ئەم هەڵەیە
ئەگەر دایک و باوک لەسەر ئەم هەڵەیە بەردەوام بن و زیاد لە پێویست منداڵ وابەستەی خۆیان بکەن، ئەوا منداڵ، زوو یان درەنگ باجەکەی دەدات، گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:
- منداڵ متمانەی بە تواناکانی خۆی نامێنێ.
- منداڵ بۆ کارە ورد و درشتەکانی، پەنا بۆ کەسانی دیکە دەبات.
- منداڵ هەست بە بەرپرسیارییەتی ناکات.
- منداڵ وەک پێویست ناتوانێ سوود لە توانا و بەهرەکانی وەربگرێ.
- منداڵ ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێ.
- منداڵ دەبێتە بار بەسەر شانی دایک و باوک و خێزان و کۆمەڵگەوە.
- منداڵ بیر لە چارەسەرکردنی کێشەکانی خۆی ناکاتەوە و هەمیشە چاوی لەوەیە کەسانی دیکە کیشەکانی بۆ چارەسەر بکەن.
- منداڵ لەو ئەرک و کارانەدا سەرکەوتوو نابێت کە پێی دەسپرێدرێن و خۆی لێ دەدزێتەوە.
- منداڵ لە ژیانیدا سەرکەوتوو نابێت و ڕووبەڕووی شکست و نەهامەتی و مەینەتی دەبێتەوە.
- منداڵ بە ناز پەروەردە دەبێت.
- ناتوانێ لەگەڵ دۆست و هاوڕێکانی بگونجێ.
چآرەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی منداڵ وابەستە نەبێت بە دایک و باوکییەوە و لە ئایندەدا بتوانێ لەسەر قاچەکانی بوەستێ، پێویستە دایک و باوکەکان ئەم هەنگاوە گرنگانە بهاوێژن:
- پێویستە لە سەرەدەریکردندا لەگەڵ منداڵەکانیان مامناوەندی بن، واتە، نە بە ناز ڕایبهێنن، نە فەرامۆشیان بکەن.
- دەبێ دایکان و باوکان، ئەرک و بەرپرسیارییەتی منداڵەکانیان ببەخشن.
- دەبێ هەستی باوەڕبەخۆبوون لە ناخی منداڵەکانیان بڕوێنن.
- دەبێ خۆیان لە چاولێکەری کوێرانە بپارێزن.
- دەبێ وا لە منداڵەکانیان بکەن، کە پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و متمانەیان بە خۆ هەبێت.
- دەبێ دایک و باوک ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- نابێ گشت داواکارییەکانی منداڵ جێبەجێ بکەن.
- دەبێ هێندە ئازادی بە مدناڵ بدەن کە لەگەڵ دۆست و هاوڕێیانی یاری و وازی بکات.
- نابێ دەست لە کارە ورد و دروشتەکانی منداڵ وەربدەن.
- نابێ هێندە هەستیار و دڵناسک بن، کە زیان بە بەرژەوەندییەکانی منداڵ بگەیەنن.
سەرچاوەکان
843 بینین