دەمەقاڵەی دایک و باوک دەبێتە هۆی تێکدانی کەسێتی منداڵەکانیان

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-02-16:16:00 - کۆدی بابەت: 1902
دەمەقاڵەی دایک و باوک دەبێتە هۆی تێکدانی کەسێتی منداڵەکانیان

ناوه‌ڕۆك

دەمەقاڵەی دایک و باوک دەبێتە هۆی تێکدانی کەسێتی منداڵەکانیان

ئەو منداڵانەی پێکهەڵپژانی دایک و باوکیان دەبینن و هەستی پێدەکەن، لە داهاتوودا تووشی جۆرەها گرفتی دەروونیی و کەسێتی دەبن، ئەوەش بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێ.
توێژینەوەیەکی بەشی کار و بژێوی لە زانکۆی سەسێکس لە بەریتانیاوە دەڵێ گرژی و دەمەقاڵەی نێوان دەیک و باوک خراپ بەسەر کەسێتی منداڵەکەیان لە داهاتو دەشکێتەوە و کوالێتی ژیانیان دادەبەزێنێ.
دامەزراوەی (زوو دەستێوەردان) لە زانکۆکەوە دەڵێ، تاکو ئێستا لە نێو دامەزراوەکانی خزمەرگوزارییەکانی خێزان، دایکان و منداڵان، وەک پێویست گرنگی نادرێ بە دڵنیابوونەوە لە هەبوونی پەیوەندییەکی ئەرێنی و بونیاتنەر لە نێوان دایک و باوکدا.
تیمی توێژەرانی زانکۆ بەریتانیەکە دەڵێن ئەوان گەیشتنە ئەو ئەنجامەی ئەو دایک و باوکانەی لە تەنگژە و گرفت لەگەڵ یەکدی دەژین، زۆرتر لەگەڵ منداڵەکانیان توندتیژن و کەمتر وەڵام بە پێدایوستیەکانیان دەدەنەوە.
هەروەکا ئەو منداڵانەی دایک و باوکیان لە دۆخێکی گرژ و نائارامی پەیوەندییەکانیان دەژین، تووشی چەندین حاڵەتی نائاسایی کەسێتی دەبن، لەوانە: توڕەیی، توندوتیژی و دوژمنکاری لەگەڵ خەڵکی، هەروەک متمانەیان بە خۆیان کەمتر دەبێ و زۆرتر تووشی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ دەبن.
توێژەرەکان دەڵێن تەنانەت بیری خۆکوژیش زۆرتر لەنێو ئەو منداڵانە سەرهەڵدەدات کە دایک و باوکیان لە پەیوەندییەکی پڕ گرژی و نائارامیدان.
هەروەک دەڵێن ڕاددەی فێربوون و توانای ئەکادیمی ئەو منداڵانەش لە داهاتوودا کەمترە لە کەسانی دیکە، پرۆفیسۆر گۆردن هارۆڵد، لە سکوڵی دەروونناسی زانکۆی سەسێکس دەڵێ (بەڵگە زۆرن و بەرەو زۆرتریش دەچن کە دەریدەخەن گرژی لە نێوان دایک و باوک یەکێکە لە بەهێزترین لایەنە کاریگەرەکان لەسەر تەندروستی هزریی، تەندروستیی گشتی و هەلومەرجەکانی ژیانی داهاتووی منداڵ).
پڕۆفیسۆرەکە هەروەها دەڵێ ( ئەو بابەتە تەنیا کار لە منداڵانی ئەمڕۆ ناکات، بەڵکو کار دەکات سەر باوک و دایکانی داهاتووی کۆمەڵگە، کە منداڵەکان ئێستان).


سەرچاوەکان



620 بینین