كۆچكردن بۆ حەبەشە (بۆ منداڵان)

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-09-04-23:28:00 - کۆدی بابەت: 53
كۆچكردن بۆ حەبەشە (بۆ منداڵان)

ناوه‌ڕۆك

کۆچ

موسوڵمانان لە دوای ئەوەی خوای گەورە ڕزگاری کردن، چاوەڕێ بوون بزانن ژیانیان بەرەو کوێ دەچێت. ئایا ژیانیان خۆش دەبێت و بێ باوەڕەکان وازیان لێ دەهێنن؟ نەخێر بەڵکو دووبارە دووچاری سەختی و ناڕەحەتی و ئازاردان دەبوونەوە. بۆیە ئەمجارە پێغەمبەر(د.خ) بڕیارێکی نوێ ی دا بۆ موسوڵمانان کە ئەویش بریتی بوو لە بڕیاری کۆچکردنی موسوڵمانان بۆ حەبەشە. 

بۆچی پێغەمبەر(د.خ) بڕیاریدا موسوڵمانان کۆچ بکەن؟

چونکە بێ باوەڕەکان بەردەوام موسوڵمانانیان ئازار دەدا و وازیان لێ نەدەهێنان.


کۆچ کردن واتای چی یە؟
کۆچکردن واتا بەجێ هێشتنی ماڵ و شار و ناوچەی خۆت بچیت بۆ شوێنێکی تر بژیت.

کۆچ کردن بۆ حەبەشە

موسوڵمانان بۆچی ویستیان کۆچ بکەن بۆ حەبەشە؟


 1- چونکە پێغەمبەر(د.خ) پێ ی فەرموو بوون دەبێت بچن بۆ حەبەشە.
2- بۆ ئەوەی لەگەڵ خۆیاندا ئایینی ئیسلام ببەن بۆ ئەو ناوچەیە و لەوێوە بڵاوی بکەنەوە بە ناوچەکانی تردا. چونکە بێ باوەڕەکان نەیاندەهێشت لە مەککە بە ئازادی ئایینی ئیسلام بڵاو بکەنەوە و بهێنرێن بۆ ناوچەکانی تری جیهان.  

3- تا لە حەبەشەدا کەمێک بحەسێنەوە و دوور بکەونەوە لە ئازار و ئەشکەنجە.

بۆچی پێغەمبەر(د.خ) لە هەموو ناوچەکاندا حەبەشەی هەڵبژارد

چونکە
1- حەبەشە پادشایەکی چاکی دادپەروەری تێدا بوو کە ڕێزی موسوڵمانانی دەگرت.
2- لە حەبەشە ئایینی مەسیح بڵاو بوو بوویەوە کە لە هەموو ئایینەکانی تری ئەو کاتە ڕاستتر بوو.
3- خەڵکی حەبەشە لەگەڵ بێ باوەڕەکانی مەککە دا دژایەتییان هەبوو. 
پادشای حەبەشە کە پێ ی دەوترا(نەجاشی) پادشایەکی بەڕێز و دادپەروەر و چاک بوو کە ڕێگەی نەدەدا لە وڵاتەکەیدا ستەم بکرێت و خەڵکی لە خۆشیدا بوون.  
 موسوڵمانەکان کە دە(10) پیاو و چوار ئافرەت بوون کە وتنە ڕێ بۆ حەبەشە و هەوڵیان دا بێ باوەڕان پێیان نەزانن، ئەوان بەردەوام چوون و هەوڵیان دەدا بە نهێنی و بە خۆ شاردنەوە بچن تا گەیشتنە حەبەشە. 
  لەو ماوەیەدا لە مەککە چەندین کەس موسوڵمان بوون، لەوانە(هەمزەی کوڕی عبدالمگلب کە مامی پێغەمبەر(د.خ) بوو.(حەمزە) یەکێک بوو لە ئازاو پاڵەوانەکانی مەککە کە لەگەڵ موسوڵمان بوونیدا موسوڵمانان بەهێز بوون و بێ باوەڕەکان دەترسان ئازاری زۆری موسوڵمانان بدەن- بەڵکو بە کەمی ئازاریان دەدان. 
دوای ئەویش (عومەری کوڕی خەگاب) موسوڵمان بوو کە وەک (حەمزە) بەهێز بوو کەس زاتی نەبوو لە قسەی لابدات یان دژایەتی(عومەر) بکات. 

عومەری کوڕی خەطاب چۆن موسوڵمان بوو

عومەری کوڕی خەگاب کەسێکی پاڵەوان بوو لەناو قوڕەیشدا. ئەو سەرەتا زۆر ستەمکار بوو. عومەر کە بە زیندوویی کچەکەی خۆی خستە ناو چاڵ و خۆڵی دا بەسەریدا و خنکاندی. هەروەها ئازاری زۆری موسوڵمانانی دەدا. ڕۆژێکیان زۆر توڕە بوو ویستی بچێت پێغەمبەر(د.خ) بکوژێت بەڵام نەچوو بیستی خوشکەکەی عومەر موسوڵمان بووە بۆیە وتی با لە پێشەوە بچم بۆ خوشکەکەی خۆم. کاتێک دەچوو بۆ ماڵی خوشکەکەی دەبینێت قورئان دەخوێنێ لەگەڵ مێردەکەی و مامۆستاکەیدا. عومەر بە توندی زللەیەکی دا لە خوشکەکەی و دەمی پڕ کرد لە خوێن دای لە مێردەکەی خوشکەکەیشی پاشان کەمێک سەیری کردوو دڵی پڕ بوو وە پەشیمان بوو کە بۆچی دای لە خوشکەکەی خۆی. عومەر داوای کرد کە قورئانەکەی پێ بدەن تا بیخوێنێ بەڵام ئەوان پێیان وت: تۆ پیاوی پیسی. دەبێ خۆت بشۆیی و باوەڕ بێَنی پاشان قورئانەکەت دەدەینە دەست. چونکە بێ باوەڕ نابێت قورئان بگرێتە دەست. عومەریش بە گوێ ی کردن و دوای قورئان خوێندن چووە سەر ئیسلام چوو بۆ لای پێغەمبەر(د.خ) تا لەسەر دەستی پێغەمبەر(د.خ) موسوڵمان بێت.
لەوێ حەمزە کە عومەری بینی وای زانی هاتووە تا پێغەمبەر(د.خ) بکوژێت وتی سوێند بە خوا هەر شتێ بکات دەیکوژم بەڵام کاتێ عومەر هات موسوڵمان بوو. پاشان عومەر چوو لەناو بێ باوەڕەکاندا هاواری کرد کە من موسوڵمان بووم بەوە موسوڵمانان بەهێز بوون دووبارە ژمارەیان زیادی کرد. 

پەند و ئامۆژگاری

1- هەر کاتێ کەسانی بەهێز موسوڵمان ببن ئەوا خوای گەورە دەیانکاتە هۆکاری سەرخستنی موسوڵمان و سەری بێ باوەڕانی پێ شۆڕ دەکات.
2- خوای گەورە دوو پاڵەوانی مەککەی موسوڵمان کرد تا بێ باوەڕان زاتیان نەبێ ستەم بکەن.

3- قورئانی پیرۆز زۆر پاک و چاکە و نابێ هەموو کەس دەستکاری بکات. بەڵکو دەبێت قورئان بە تەنها بدەین بە دەست موسوڵمانانەوە.
4- قورئانی پیرۆز هێندە خۆشە و واتای بەهێزە هەرکەسێ بیخوێنێتەوە کەمێک عەقڵی هەبێت یەکسەر موسوڵمان دەبێت، بەڵام هەرکەس بێ عەقڵ و گومڕا بێت. ئەگەر هەموو قورئانیش بخوێنێتەوە هەر موسوڵمان نابێت و بێ باوەڕە.
5- خوای گەورە ئەو کەسانە دەپارێزێ کە زۆر زانا و زیرەک و ئیماندار و لە خوا ترسن. وەک ئەوەی عومەر کەچوو بۆ کوشتنی پێغەمبەر(د.خ) خوای گەورە وای لێکرد موسوڵمان بێت و دەست و دەم و چاوی پێغەمبەر(د.خ) ماچ بکات.


ئەی موسوڵمانەکانی ناو حەبەشە چیان بەسەر هات؟
کاتێک موسوڵمانان هەواڵی بارودۆخی موسوڵمانانی ناو مەککەیان بیست بڕیاریان دا بچنەوە بۆ مەککە و بۆلای پێغەمبەر(د.خ). 

کۆچی دووەم بۆ حەبەشە

کاتێ موسوڵمانان گەڕانەوە بۆ مەککە و بێ باوەڕەکان ئازاری زۆریان دانەوە. پێغەمبەر(د.خ) فرمانی دا تا بچنەوە بۆ حەبەشە ئەمجارەیان بێ باوەڕەکان ئازاری زۆری موسوڵمانانیان دا تا نەهێڵن بچن بۆ حەبەشە چونکە بیستبوویان کە لە حەبەشەدا نەجاشی ڕێزی زۆریان دەگرێت و هیچ ئازارێکیان نادات و ناهێڵێت گەورەکانی مەککەش دەستیان بگاتە لایان. 

ژمارەی ئەو موسوڵمانانە چەند بوون کە بۆ جاری دووەم کۆچیان کرد بۆ حەبەشە

ژمارەی موسوڵمانان لە جاری دووەمدا هەشتاو سێ (83) موسوڵمان بوون، ئەمە جگە لەو منداڵانەی کە لەگەڵ خۆیاندا بردنیان بۆ حەبەشە. 
قوڕەیش هەوڵی گەڕانەوەی موسوڵمانان دەدەن:
کاتێک قوڕەیشیەکان بینیان موسوڵمانان گەیشتن حەبەشە و لەوێ لە خۆشیدا بۆ خۆیان دەژین و هیچ کەسێک نیە ئازار و ئەشکەنجەیان بدات کەوتنە کۆبوونەوە لەنێوان خۆیاندا. بڕیاریاندا وەفدێک بنێرن بۆ لای پاشای حەبەشە تا داوای لێ بکەن ئەو موسوڵمانانەیان بیدەنەوە دەست وەفدەکە و بێباوەڕەکان کۆمەڵێک دیاری و خەڵاتی زۆر و جوانیان برد لەگەڵ خۆیاندا بۆ نەجاشی ویستیان وای لێ بکەن ڕازی بێت موسوڵمانەکانیان بداتەوە دەست ئەوان چوون بۆ لای نەجاشی و دیاریان پێشکەش کردوو داوایان لێ کرد ئەو کەسانەی ڕایان کردووە بۆ وڵاتەکەی بیانداتەوە بە گەورەکانی مەککە. ئەوان وتیان ئەو کەسانە تاوانبارن لە مەککەدا ئاژاوەیان ناوەتەوە ڕایان کردووە بۆ لای تۆ بەڵام نەجاشی بە قسەکانیان هەڵنەخەڵەتا و ناردنی بەشوێن موسوڵمانەکاندا کاتێک قسەی کرد لەگەڵ موسوڵمانەکاندا و گوێی گرت لە قسەی موسوڵمانەکان سەیری کرد موسوڵمانەکان ئاژاوە گێڕ نین و چاکن. بەڵکو بێ باوەڕەکانی مەککە ئاژاوە گێڕ و خراپن و ستەمیان کردووە لە موسوڵمانانی بێ تاوان.  
نەجاشی کاتێک ئەو بارەی موسوڵمانانی بینی بڕیاری دا موسوڵمان بێت و باوەڕ بهێنێت بە پێغەمبەرایەتی موحەمەد() بەڵام ئەوە بە نهێنی موسوڵمان بوو. بە ئاشکرا ڕای نەگەیاند کە موسوڵمان بوو. 

بۆچی نەجاشی بە ئاشکرا نەیوت کەمن موسوڵمان بووم

چونکە ئەگەر بە ئاشکرا بیوتایە. ئەوا خەڵکەکەی لێی هەڵدەگەڕانەوە. ئەویشیان لادەبرد موسوڵمانەکانیشیان دەدایەوە دەست پیاوەکانی مەککە. پێغەمبەر() شایەتی دەدات کە نەجاشی موسوڵمان بووە. چونکە کاتێ نەجاشی مرد پێغەمبەر(د.خ) لە دوورەوە نوێژی مردووی کرد لەسەر نەجاشی و دووعای خێری کرد بۆ نەجاشی،  ئێمەش وەک پێغەمبەر() دوعای خێر دەکەین بۆ نەجاشی و دەڵێین خوایە گیان بیخەیتە بەهەشت.

پەند و ئامۆژگاری

1- دووبارە دەبینین هەموو جارێک بێ باوەڕان کۆ دەبنەوە تا پیلان دابنێن بۆ لەناو بردنی موسوڵمانان یان وا بکەن کە موسوڵمانان زیاد نەکەن و سەرنەکەون کەچی هەموو جارێ تیایدا خۆیان سەرشۆڕ دەبن و موسوڵمانەکان سەردەکەون بەڵام بێ باوەڕەکان ژیر نابن هەمتر دەست پێ دەکەنەوە. خوای گەورەش سەر شۆڕیان دەکات.
2- نابێت لە خۆمانەوە بڕیار بدەین ئەگەر هاتوو کەسێک هات بۆ لامان و قسەیەکی کرد وتی ئەو کەسە وایە و وایە. نابێ ئێمەش یەکسەر باوەڕی پێ بکەین بەڵکو دەبێت بڕۆین پرسیاری بکەین بزانین ڕاستەکەی چۆنە هەروەک سەیر دەکەین کاتێک بێ باوەڕان باسی موسوڵمانەکانیان کرد بۆ نەجاشی نەجاشی باوەڕی پێ نەکردن و ناردی بەشوێن موسوڵمانەکاندا تا بزانێت ئەو قسەی پیاوەکان دەڵێن ڕاستە یان درۆیە.
3- دەبێت موسوڵمان کاتێ گفتوگۆ دەکات لەگەڵ کەسێکدا ڕاستی و دروستی بڵێت نەوەک لەبەر ئەوەی دوژمنەکانی ڕازی بکات قسەی ناڕاست بکات یان ئەو قسانە بشارێتەوە کە دەبێت بیکات. چونکە موسوڵمانەکان چی ڕاست بوو باسیان کرد بۆ نەجاشی.
4- بۆمان دەردەکەوێت کە دروستە موسوڵمان ماڵ و شار و وڵات و نیشتیمانی خۆی بەجێ‌ بهێڵێ ئەگەر ستەمکاران ستەمیان لێ کرد و نەیتوانی بە خۆشی بژێت.
5- ئەگەر کەسێکی موسوڵمان بزانێ ئەگەر خەڵکی تر بزانن ئەو موسوڵمان بووە دەیکوژن. ئەوا دەتوانێت پێیان نەڵێ موسوڵمان بووم. بە نهێنی نوێژ بکات و ڕۆژوو بگرێت.
6- دەبێ ئێمە هەرکەسێکمان خۆش بوێت موسوڵمان بێت. دوعای خێری بۆ بکەین چونکە پێغەمبەر(د.خ) نەجاشی خۆش ویست و دوعای خێری بۆ کرد.

بۆچی بێ باوەڕان دەیانویست موسوڵمانان نەچن بۆ حەبەشە

چونکە بێ باوەڕان دەترسان ئەگەر موسوڵمانان بچن بۆ حەبەشە لەوێوە ئایینی ئیسلام بڵاو بکەنەوە بۆ ناوچەکانی تر چونکە ئەوان دەیانزانی موسوڵمان بچێت بۆ هەر ناوچەیەک دەتوانێت باسی ئایینی ئیسلام بکات ئایینی ئیسلامیش هێندە چاک و جوانە خەڵکەکە بیبیستن زوو وەریدەگرن. هەروەک چۆن خەڵکێکی زۆر لە مەککەدا موسوڵمان بوون.


سەرچاوەکان



2847 بینین