ژیانی ئیمامی نەوەوی منداڵان

له‌لایه‌ن: - نھاد جلال - به‌روار: 2019-08-23-14:49:00 - کۆدی بابەت: 92
ژیانی ئیمامی نەوەوی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ژیان و ناساندن

ئەم جارە ئەو كەسەی باسی دەكەین زانایەكی دیارو گەورەی موسوڵمانانە كە موسوڵمانان تا ئەمڕۆش سەرقاڵن بەخوێندنەوەی نووسینەكانی، ئەم كەسە خوێندكاری ئیمامی شافیعی بووە، بۆیە كوردستانی ئێمەش كەسەر بەمەزهەبی ئیمامی شافیعیە زۆر گرنگی دەدەن بەنووسینەكانی، ئەویش ئیمامی (نەوەوی)یە.
بەڵێ، وڵاتی شام كە سوریا بەشێكە لەو وڵاتە، لانەو مەڵبەندی پێغەمبەران بووە، دوای ئەوەش سەدان زانای گەورەی تیادا دەركەوتووە، ئەو زانایانە بوونەتە هۆكاری رووناككردنەوەی كۆمەڵگەو رێپیشاندانیان بەرەو راستیی، یەكێك لەو كەسانەش ئیمامی نەوەوی بوو كە توانی ببێتە رووناكیەكی گەورە بۆ كۆمەڵگە.
نەوەوی لەبنەڕەتدا ناوی یەحیا بوو، باوكیشی ناوی شەرەف بوو، بەڵام بەهۆی گوندەكەیەوە هەر بە نەوەوی ناسرابوو، لەساڵی 631 كۆچیدا لەدایك بوو.
ئەم زانا گەورەیەی ئیسلام لەناوچەی حۆران لەسوریا لەدایك بوو، ئەویش لە گوندێك كە ناسرابوو بە (نوا)، دایك و باوكێكی باوەڕداری هەبوو كە زۆر خواناس بوون، هەمیشە هەوڵیاندەدا كوڕەكەیان لەسەر ئیمان و خواناسی پەروەردە بكەن.

 

فێربوون و پێگەشتنی

تەمەنی نەوەوی گەیشتە 10 ساڵ كە ئیتر بە تەواوەتی خووی دایە زانست و كەوتە لەبەركردنی قورئانی پیرۆز و خوێندنی زانستە ئیسلامیەكان، ئیتر كاتێك منداڵان یارییان دەكرد ئەو نەدەچوو بۆ یاری كردن بەڵكو قورئانی پیرۆزی دەخوێند و ئەوەی لەبەری كردبوو دووبارە دەیوتەوە، بۆیە مامۆستایەكی شارەزای ناوچەكە كە بینی ئەم منداڵە وادەكات خێرا چوو بۆ لای باوكی نەوەوی و داوای لێكرد منداڵەكەی سەرقاڵ نەكات بەهیچ شتێكەوە‌و  هەموو كاتی منداڵەكەی بۆ وەرگرتنی زانست بێت، باوكیشی قسەكەی ئەو مامۆستایەی وەرگرت و هەوڵیدا منداڵەكەی وا لێبكات هەموو كاتی خۆی بۆ وەرگرتنی زانست زانست تەرخان بكات، نەوەویش خۆی زۆر حەزی لە زانست بوو، بۆیە بەخۆشحاڵیەوە پێشنیازەكەی وەرگرت.
ئەوەبوو لەنزیكەی تەمەنی نۆزدە ساڵیدا بوو كە نەوەوی لەگەڵ باوكیدا پێكەوە هاتن بۆ دیمەشق تا خۆی سەرقاڵ بكات بە زانستەوە، ئیتر لەدیمەشق لەپاڵ مزگەوتی ئومەوی نیشتەجێ بوو و خۆی سەرقاڵ كرد بەخوێندن ‌و لەبەركردنی قورئانی پیرۆز و زانستەكانی تر و تەواوی توانای خۆی خستەگەڕ بۆ ئەو بوارە.
لەو شوێنەدا زۆر بەهەژاری دەژیاو لەبری ئەوەی كەمێك بیری لای خۆشی ژیانیش بێت هەموو كاتی هەر بەخوێندنەوە بەسەربرد.
پاش دوو ساڵ لەسەرقاڵی بەزانستەوە باوكی بڕیاریدا بچێت بۆ حەجی ماڵی خوا، بڕیاریدا نەوەوی كوڕیشی ببات لەگەڵ خۆیدا، ئەوەبوو كوڕ و باوك پێكەوە چوون بۆ حەجی ماڵی خوا، لەسەرەتای چوونەكەیانەوە تووشی تایەكی سەخت بوو و تا رۆژی عەرەفە ئەو تایەی مابوو، بەڵام دواتر بەسەلامەتی گەڕانەوە بۆ سوریا.
دووبارە نەوەوی لەدیمەشقدا كەوتەوە زانست خوازی، ئیتر زۆربەی كتێبەكانی بە لەبەركردن لەبەردەكرد نەك هەر ئەوەی تەنیا بەخوێندنەوەیان وازبهێنێت، ئیتر هێندە زیرەك و شارەزا بوو تا مامۆستاكەی ئەركی ئەوەی پێسپارد وانە بڵێتەوە بەخوێندكارانی خوێندنگەكەی، ئەویش بەجوانی وانەی پێدەوتنەوە.
ئیتر بەرەبەرە لەگەڵ وەرگرتنی زانستدا نەوەوی وانەشی دەوتەوە، وای لێهات زۆربەی هەرە زۆری كاتی خۆی تایبەت كردبوو بەو بوارەوە، زۆربەی رۆژەكان نزیكەی دوانزە وانەی هەبوو، ئەوەش ماندووبونێكی زۆری دەویست، چونكە وانەكانیشی لە بواری جیاجیادا بوون.
ئینجا كە گەیشتە ساڵی 660 كۆچی ئیتر نەوەوی زانا و مامۆستا بڕیاریدا دەست بكات بە نووسینیش، چونكە دەیویست ئەو زانستەی پێیەتی بیگەیەنێت بەوانەش كە ئەو نایانبینێت، چ ئەوانەی لە ناوچەكانی تر بوون، یان ئەوانەی كە دوای مردنی دێنە دونیا و دەژین، وەك چۆن دەبینین ئەمڕۆ ئێمە كتێبەكانی دەخوێنینەوە.
ئەو كات نەوەوی زاناو مامۆستا تەمەنی نزیكەی 30 ساڵ بوو، واتە هێشتا لەوپەڕی گەنجیدا بوو كەچی كەسانی زۆر لەخۆی بەتەمەنتر زانستیان لێوەردەگرت و وەك خوێندكار لەبەردەمیدا دادەنیشتن تا زانست فێربن.
ئەم ئیمامە لەبری ئەوەی چاو ببڕێتە خۆشییەكانی دونیا و خوو بداتە ئارەزووەكانی، كاتەكانی تەرخان كرد بۆ زانستی شەرعی، خۆ ئەو دەیزانی كە گوناه نییە چێژ لە خۆشییەكانی تری دونیا وەربگریت كە خوای گەورە حەڵالی كردوون، بەڵام نەوەوی هەموو خۆشییەكی لەخواپەرستی و زانست وەرگرتن و زانست بەخشیندا دەبینییەوە.
نەوەوی هەرچەندە خۆی حەزی بەماڵ و سامانی دونیا نەبوو، بەڵام هەوڵیدەدا مافی خەڵك نەفەوتێ‌ و مافە خوراوەكان بگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنەكانیان، ئەوەبوو كاتێك سوڵتانی موسوڵمانان ویستی هەندێ‌ك پارەی زیادە لەسەر بوونی زەوی و زار لە خەڵك وەربگرێت، خێرا خەڵكی چوون بۆ لای ئیمامی نەوەوی تا كێشەكەیان بۆ چارەسەر بكات، ئەویش نامەیەكی نووسی بۆ سوڵتان و بەتوندی رێگری كرد لەوەی شتی وا بكات و تێیگەیاند كە ئەوە حەرامە و نابێت بیكات، بەڵام سوڵتان توڕە بوو و داوای كرد موچەكەی نەوەوی ببڕن، كەچی خەڵكەكەی دەوری وتیان ئەی سوڵتان ئەو هیچ مووچەی نیە و لەڕێی خوادا ئەو هەموو خزمەتە دەكات، دواتر ئیمامی نەوەوی كە زانی سوڵتان گوێی لێنەگرتووە خۆی چوو بۆ لای سوڵتان و قسەی لەگەڵ كرد، ئەوەبوو دواجار سوڵتان ئەو بڕیارەی هەڵوەشاندەوەو بەهۆی هەوڵەكانی نەوەویەوە خوای گەورە باری سەرشانی خەڵكەكەی ئاسان كرد.
ئیمامی نەوەوی لەكتێبخانەی گشتی ئەوقافی حكومەت كتێبی هێنابوو دەیخوێندنەوەو سوودی وەردەگرت لەو كتێبانە، چونكە هەر كەس هەرچەندە زانا و شارەزا بێت هەر دەبێت بەردەوام زانیاری بخوێنێتەوەو واز نەهێنێت لەوەرگرتنی زانست.
دوای ماوەیەك نەوەوی بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ گوندەكەی خۆی و لەوێ‌ ئەو بەشەی ژیانی بەسەر بەرێت كەماویەتی، بۆیە چوو چی كتێبی كتێبخانەی ئەوقافی لا هەبوو هەموویانی بردەوە، دواتریش چوو بۆسەر گۆڕی مامۆستاكانی تا مردن و ژیانی ناو گۆڕی بیربكەوێتەوە، هەروەها نزای خێری كرد بۆیان، پاشان چوو بۆ سەردانی هاوڕێكانی و ماڵئاوایی كرد لێیان، ئینجا دوای ئەوە چوو بۆ سەردانی قودس.

 

کۆچی دوایی

دوای هەموو ئەمانە ئینجا نەوەوی گەڕایەوە بۆ گوندەكەی خۆی و لەوێ لای دایك و باوكی مایەوە، پاش ماوەیەك لەوێ نەخۆش كەوت، ئەوەبوو بە هۆی ئەو نەخۆشیەوە لە مانگی رەجەبی ساڵی 676 كۆچیدا كۆچی دوایی كردو هەر لە گوندەكەی خۆیشی خرایە ناو گۆڕ.
كاتێك هەواڵی مردنی گەیشت بەموسوڵمانان هەموان دڵتەنگ بوون بۆی و دەگریان كە چۆن زانایەكی وا گەورەیان لەدەست چوو، ئیتر سەركردەو كەسە دیارەكان چوون تا نوێژی لەسەر بكەن.
بەراستی وایە ناخۆشترین رووداوی ناو كۆمەڵ لەدەستدان و مردنی زانایانی خواناسە، چونكە زانایان دەبنە چرای رووناكی بۆ كۆمەڵ و رێی راستییان پیشان دەدەن، ئەوان فێرمان دەكەن چۆن بەرەو لای خوای گەورە بچین و خۆمان بپارێزین لە داوی شەیتان و دارودەستەكەی، بۆیە بەمردنی ئەو كەسانە زیانی گەورەمان بەردەكەوێت.

 

پەندو وانە

هەموو ئەو زانایانەی لەمێژووی ئیسلامییدا باس كراون دەبینین بەشی زۆریان هەر لەمنداڵییەوە حەزیان كردووە زانست وەربگرن و خوویان داوەتە ئەو بوارەو چوونەتە خزمەت مامۆستا شارەزاكان تا بوون بەزانای گەورەو هەڵكەوتوو، بۆیە زۆر پێویستە ئێمەش هەر لەمنداڵییەوە شان بدەینە بەر زانست وەرگرتن و هیوامان وابێت كە ئێمەش ببینە زاناو خزمەتی گەورە پێشكەش  بەگەل و برایانمان بكەین.
پێویستە زانایان لەپێش هەموواندا و پاشان هەموو كەسێكی دڵسۆزیش بیریان لای كێشەو نارەحەتی خەڵك بێت و كێشەكانیان بۆ چارەسەر بكەن، لەوەشدا نەترسن و ئەگەر دەسەڵات هەڵە یان ستەمێكی هەبوو دەبێت بۆی راست بكەنەوەو ئاگاداری بكەنەوە لەو هەڵە یان ستەمەی كە دەیكات.
كەسی باوەڕدار هەمیشە دەبێت بەجوانی ئەمانەتی لای خۆی بپارێزێت و بەسەلامەتی و بەبێ كەموكورتی بیگێڕێتەوە بۆ خاوەنەكەی، چونكە نەگەڕاندنەوەی ئەمانەت سیفەتی كەسی دوو روو و ناپاكە، سەیر بكەن چۆن ئیمامی نەوەوی ئەو كتێبانەی گێڕایەوە كەلە لای بوون ئینجا ئەو شارەی بەجێهێشت.
دەبێت كاتێك سەردانی گۆڕستان دەكەین مردن و ژیانی دوای مردنمان بیر بكەوێتەوە تا خۆمان لە هەڵە و تاوان بپارێزین وبزانین رۆژێك دێت خەڵكی تریش دێن بۆ سەر گۆڕی ئێمە، هەروەها دەبێت نزای خێر بكەین بۆ مردووەكان و سەلامیان لێ بكەین چونكە پێغەمبەری خوا(د.خ) وای كردووە.
مردن لەرێی هەمووماندایە و هەموو كەس هەرچەندە گەورە زانا یان دەوڵەمەند بێت هەر دەمرێت، بۆیە چاكترین شت ئەوەیە مرۆڤ كاری چاكەی زۆر كۆبكاتەوە تا كاتێك مردو گەڕایەوە بۆ لای خوای گەورە چاكەی زۆری پێبێت، چونكە مردن كاتی نەزانراوەو لەوانەیە زۆر زوو بێتە رێمان، بۆیە كەسی ژیر ئەوەیە زوو چاكەی زۆر كۆبكاتەوەو قیامەتی خۆی رۆشن بكاتەوە.



1367 بینین