ڕق بوونەوە لە کچ خراپە و ڕەوشتێکی سەردەمی نەفامییە

له‌لایه‌ن: - ئاکام ئەکرەم - به‌روار: 2021-02-25-10:40:00 - کۆدی بابەت: 2639
ڕق بوونەوە لە کچ خراپە و ڕەوشتێکی سەردەمی نەفامییە

ناوه‌ڕۆك

ڕق بوونەوە لە کچ خراپە و ڕەوشتێکی سەردەمی نەفامییە

ئاینی پیرۆزی ئیسلام بەو بانگەوازەی کە بۆ یەکسانی و دادپەروەری گشتی دەیکا هیچ جیاوازیەکی لە نێوان پیاو و ژن و کوڕ و کچ دا نەکردووە لە مامەڵەی بەزەییاندا و لە سۆزی دایک و باوکیدا بۆ بەدیهێنانی فەرمانی خوای پەروەردگار کە فەرموویەتی: (اعدلوا هو أقرب للتقوی) المائدة:٨، واتە: دادپەروەر بن چونکە دادپەروەری بۆ پارێزگاری نزیکترە.
بۆ بەجێهێنانی پەیڕەوکردنی فەرمانی پێغەمبەری پێشەوا (د.خ) کە دەفەرموێت: (اعدلوا بین أبناءکم اعدلوا بین أبنائکم) واتە: لە نێوان ڕۆڵەکانتاندا دادپەروەر بن، لە نێوان ڕۆڵەکانتاندا دادپەروەر بن.
لەبەر ڕۆشنایی ئەو ئایەتە پیرۆزە و ئەو فەرموودە بەپێزەی پێغەمبەر (د.خ) لە سەرەتای هاتنی ئیسلامەوە و بە درێژایی مێژوو هەتا ئێستا دایکان و باوکان یاسای دادپەروەری و یەکسانیان بەکارهێناوە لە خۆشەویستی و مامەڵەی جوان و سۆز و بەزەیی لەنێوان ڕۆڵەکانیاندا بەبێ ئەوەی جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچدا بکەن بە هیچ شێوەیەک!!.. ئەگەر شتێکی واش ڕوویدابێت ئەوە بەهۆی عادەت و نەریتی گەندەڵی ئەو ژینگەیە کە ئەویش لەبەر ئەوەیە چونکە خەڵکی ئەو ژینگەیە لە ڕەوشت و ئادابە بەرزەکانی ئیسلامەوە دوور کەوتوونەتەوە و چوونەتە سەر هەندێ دابونەری سەردەمی نەفامێتی ئەو سەردەمەی کە خوای پەروەردگارمان لەبارەیەوە فەرموویەتی: (وَإِذَا بُشِّرَ أَحَدُهُم بِالْأُنثَىٰ ظَلَّ وَجْهُهُ مُسْوَدًّا وَهُوَ كَظِيمٌ (58)يَتَوَارَىٰ مِنَ الْقَوْمِ مِن سُوءِ مَا بُشِّرَ بِهِ ۚ أَيُمْسِكُهُ عَلَىٰ هُونٍ أَمْ يَدُسُّهُ فِي التُّرَابِ ۗ أَلَا سَاءَ مَا يَحْكُمُونَ(59) النحل:٥٨-٥٩ واتە: هەرکاتێک یەکێک لە کافرەکان موژدەی کچێکی پێ بدرایە دەم و چاوی ڕەش هەڵدەگەڕا و پیشی دەخواردەوە و خۆی لە خەڵکەکە دەشاردەوە لەبەر ئەو موژدە ناخۆشەی کە پێی دراوە، ئایا بەو سوکایەتییە بیهێڵیتەوە یان زیندەبەچاڵی بکاو بیخاتە ژێر خاکەوە؟ ئاگادار بن قسەی ئەو کافرانە چەندە خراپە، وە دابەش کردنەکەیان "کە دەڵێن خوا کچی هەیە و بۆ خۆشیان بە کچ ڕازی نین چەندە ناڕێکە.
هەروەها هۆی ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ لاوازی ئیمان و، بزواندنی گومان و نەمانی دڵنیایی و ڕازی نەبوون بەو بەشەی کە خوای گەورە داویەتی، بێگومان نە دەسەڵاتی خۆیانی تێدایە نە هی ژنەکانیان، هەرچیش لەسەر زەویدایە ناتوانێت ئەو شتەی خوای گەورە خەڵقی کرد بیگۆڕن، ئایا نەتان بیستووە کە خوای پەروەردگار چی دەفەرموێت لەبارەی ئیرادە و ویستی ڕەهای خۆیەوە و فەرمانی زاڵ و سەرکەوتووی دەربارەی بەخشینی کوڕ و کچەوە: {لِلَّهِ مُلْكُ السَّماواتِ وَالْأَرْضِ يَخْلُقُ ما يَشاء يَهَبُ لِمَنْ يَشاء إِناثًا وَيَهَبُ لِمَنْ يَشاء الذُّكُورَ (49) أَوْ يُزَوِّجُهُمْ ذُكْرانًا وَإِناثًا وَيَجْعَلُ مَنْ يَشاء عَقِيمًا إِنَّهُ عَلِيمٌ قَدِيرٌ (50)} الشوری: ٤٩-٥٠ واتە:هەر بۆ خودایە خاوەندارێتی ئاسمانەکان و زەوی، هەرچی بوێت دەیهێنێتە دی، کچ بەو کەسە دەبەخشێت خۆی بییەوێ، بەو کەسەش خۆی بییەوێ کوڕی پێ دەبەخشێ، یان لە هەردوو جۆر بە هەندێ خێزان دەبەخشێ لە کوڕ و کچ، هەیشە ویستی خوا وایە هیچی نەداتێ و نەزۆک بێ، بەڕاستی ئەو زاتە زانا و بەدەسەڵاتە.
لەم ئایەتە پیرۆزەدا خوای گەورە کچی پێش خستووە بۆ ئەوەی دایکان و باوکان پێشوازی چاکیان بۆ کچەکانیان هەبێ.
یەکێک لەو بەسەرهاتە دانسقە و دەگمەنانەی دەیگێڕنەوە ئەوەیە یەکێک لە پاشاکانی عەرەب کە نازناوی ئەبو حەمزە بووە، ژنێکی خواستبوو بەهیوای ئەوەی کوڕی ببێ، بەڵام ئەو کچی بوو، منداڵەکەی بەجێ هێشت و چوو بۆ ماڵێکی تر لەوێ ژیانی دەبردە سەر، لەپاش چەند ساڵێ دای بەلای دەوارەکەی خۆیاندا کچەکەی گاڵتە و گەپی دەکرد و ئەم هۆنراوەیەی دەوت: 
ما لأبي حمزة لا یأتینا             یظل في البیت الذي یلینا
 غضبان الا نلد البنینا                تاللە ما ذلک في ایدینا     
           وانما ناخذ ما اعطینا
بە کورتی مانای هۆنراوەکە ئەوەیە: ئەی ئەبو حەمزە! بۆ نایەیتەوە بۆ لامان و پێکەوە بژین لەم ماڵەدا، لەبەر ئەوە توڕە و زویر بوویت لێمان و بەجێت هێشتوین کە کوڕمان نەبووە، سوێند بەخوا ئەوە بەدەست ئیمە نییە، ئەوە خوای گەورە خۆی پێی بەخشیوین و وەریشی دەگرێتەوە. پیاوەکە گەڕایەوە بۆ ناو ماڵ و منداڵی دوای ئەوەی دەرسێکی ئیمانی وەرگرت، ڕازی بوو دامەزراو و دڵنیا بوو، سەری خێزانەکەی ماچ کردوو و ڕازی بوو بە قەدەری خوا و ئەو دیاریەی کە پێی بەخشیبوو!!.
پێغەمبەری خوا (د.خ) بۆ ئەوەی ڕەگ و ڕیشەی نەفامی لەناو دڵ و دەروونی هەندێ نەفس لاوازدا دەربهێنێ و ڕیشەکێشی بکا، کچێتی تایبەت کردووە، هانی مسوڵمانانی داوە و فەرمانی بە باوکان و پەروەردەکاران کردووە کە بە چاکی لەگەڵیان هەڵسوکەوت بکەن، چاودێری باشیان بکەن و هەستن بە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیان، بۆ بەدەستهێنانی ڕەزامەندی خوا و چوونە بەهەشتی نەبڕاوە..
ئەنەسی کوڕی مالیک گێڕاویەتییەوە لە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (من عال جاریتین حتی تبلغا جاء یوم القیامة أنا وهو وضم أصابعە) واتە: هەرکەسێک دوو کچ بەخێو بکا تا لە خەم دەرەخسێن و باڵغ دەبن، من و ئەو ڕۆژی قیامەت لە بەهەشتدا پێکەوە ئەبین وەک ئەو دوو پەنجەیەم، لەو کاتەدا دوو پەنجەی پیرۆزی جووت کرد و نوساندنی پێکەوە.
عوقبەی کوڕی عامری جەهەنی ڕەزای خوای لێ بێ فەرمووی: بیستم لە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرمووی: ( من کانت لە ثلاثة بنات فصبر علیهن، وسقاهن و کساهن من جدتە کن لە حجابا من النار) واتە: هەر کەسێ سێ کچی هەبێ و خۆڕاگر بێ و ئارام بگرێ لەسەریان، خواردن و خواردنەوەیان بداتێ و لەماڵی خۆی جل و بەرگیان بۆ بکات ئەوە ئەبنە بەربەست و ئەیپارێزن لە ئاگری دۆزەخ.
ئەبو سەعید ڕەزای خوای لێ بێ گێڕاویەتییەوە کە پێغەمبەری خوا (د.خ) فەرموویەتی: (من کان لە ثلاث بنات و أخوات، أو بنتان أو أختان فأحسن صحبتهن، و صبر علیهن، و اتقی اللە فیهن دخل الجنة) واتە: هەر کەسێ سێ کچ یان سێ خوشکی، یا دوو کچ یا دوو خوشکی هەبێت بەجوانی بەخێویان بکات و لەبارەیانەوە پارێزکار بێت و لەخوا بترسێت دەچنە بەهەشتەوە.
ئەم ئایەت و فەرموودانە هیچیان بۆ دایک و باوک و پەروەردەکار نەهێشتووەتەوە تەنها ئەوەندە نەبێ کە بەیەکسانی لەگەڵیان بجوڵێنەوە و جیاوازی نەکەن لە نێوان کوڕ و کچدا، کوڕ زاڵ نەکەن بەسەر کچدا، وە دیارییان پێ ببەخشن بە یەکسانی، تەنانەت وەک یەکیش ماچیان بکەن، بۆ ئەوەی ڕەزامەندی گەورەی خوا بەدەست بهێنن، بچنە بەهەشتە فراوانەکەی خوای گەورە کە پانتاییەکەی بەقەد ئاسمانەکان و زەویە و، نیشتگەیەکی پەسەندە و لای پادشایەکەی بەدەسەڵات و بەتوانا!. 


سەرچاوەکان



843 بینین