ناوهڕۆك
پەروەردەکردنی منداڵ بە دوو شێوازی جیاواز
هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵە باوانەی کە دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە پەیڕەوکردنی دوو شێوازی جیاواز لە پەروەردە و فێرکردندا، ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکە دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- کێشە و ناکۆکییەکانی دایک و باوک.
- جیاوازی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
- گەورەبوونی دیاک و باوک لە دوو ژینگەی جیاوازدا.
- ترسی دایک لە دڵڕەقییەکانی باوک.
- هەبوونی دیدگە و تێڕوانینی جیاواز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
- درک نەکردنی دیاک و باوک بە زیانەکانی ئەم کارە.
- ڕێکەنەکەوتنی دایک و باوک لەسەر پەیڕەوکردنی یەک شێوازی پەروەردەیی.
- نزمی ئاستی ڕۆشنبیری و زانستی دایک و باوک.
- عینادیکردنی دایک یان باوک یان هەردووکیان دژی یەکتری.
- بەهرەمەند نەبوون لە ڕێنمایی و ڕاسپاردەکانی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بواری پەروەردە و فێرکردنی منداڵدا.
بێگومان ئەگەر دایک و باوک سوور بن لەسەر هەڵەی خۆیان و هەر یەکێکیان بە شێوازێک منداڵەکانیان پەروەردە بکات، زیانێکی زۆر بە دوای خۆیدا دێنێت، بە تایبەتی بۆ بەخودی منداڵ و خیزان و کۆمەلگە بە گشتی، گرنگترین ئەو زیانانەس کە لەسەر کەسایەتی منداڵ بەجێدێڵێت ئەمانەن:
- منداڵ دووچاری سەرلێشێوان دەبێت و نازانێ بۆچوون و شێوازی دایکی ڕاستە یان باوکی.
- متمانەی بە دایک و باوکی نامێنێ.
- دوو کەسایەتی لە خۆیدا بەرجەستە دەکات.
- زۆر هەڵە دەکات.
- نازانێ شتی ڕاست لە شتی هەڵە جیابکاتەوە.
- دەبێتە هۆکارێک کە ڕقی لە دایکی یان باوکی ببێتەوە، بە تایبەتی ئەوەی زیاتر لەسەری توند دەکات.
- ناتوانێ لەسەر قاچەکانی خۆی بوەستێ.
- توانای بڕیاردانی نابێت لەسەر مەسەلە چارەنووسسازەکان.
- دووچاری دوودڵی و دردۆنگی دەبێط.
- دووچاری بەدگومانی دەبێت.
- کەسێکی سەرکەوتوو نابێت.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایک و باوک، منداڵ بە لاڕێدا نەبەن و پێکەوە بەرەو ئامانجەکانی ئاڕاستەی بکەن، پێویستە خۆیان لە بەکارهێنانی دوو شێوازی جیاواز بەدوور بگرن و لەسەر پەیڕەوکردنی یەک جۆرە شێوازی پەروەردەیی ڕێکبکەون و ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:
- پێشوەخت لەسەر یەک جۆرە شێوازی پەروەردەکردن ڕێکبکەون.
- کاتێ ئامۆژگاری و ڕاسپاردە و ڕێنمایی ئاڕاستەی منداڵانی خۆیان دەکەن، نابێ دژی یەکتری هاودژ بن، بە جۆرێک یەکێکان بە منداڵ بلێت بیکە، ئەوی دیکە پێی بڵێت مەیکە، واتە، دەبێ قسە و هەڵوێستیان یەک بێت و نەکەونە ململانێی یەکتری.
- نابێ دایک و باوک لە پێش چاوی منداڵ لۆمە و سەرزەنشتی یەکتری بکەن.
- دەبێ دایک و باوک دانبەخۆداگر بن و دووچاری هەڵچوون و تووڕەبوون نەبن.
- پێویستە سوود لە کەسانی شارەزا و پسپۆڕ وەربگرن.
- پێویستە هەماهەنگی و هاوکارییەکی بآش لە نێوان دایک و باوک و قوتابخانەدا هەبێت.
- ئەگەر دایک یان باوک کارێکی بە منداڵ سپارد، نابێ ئەوی دیکەیان دژی بوەستێتەوە، یاخود کارێکی پێچەوانەی پێ بسپێرێت.
سەرچاوەکان
2170 بینین