ڕۆڵی هاندان لە پەروەردەکردنی منداڵان

له‌لایه‌ن: - ئیلهام ئەنوەر ئیلهام ئەنوەر - به‌روار: 2022-07-20-12:11:00 - کۆدی بابەت: 9446
ڕۆڵی هاندان لە پەروەردەکردنی منداڵان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆڵی هاندان لە پەروەردەکردنی منداڵان (بە ئینگلیزی: The role of incentives in parenting)، هاندانی منداڵان و بەهێزکردنی ڕەفتاری گونجاو بە بەکارهێنانی سیستمی پاداشت وەکوو شێوازێکی پەروەردەیی بەکاردەهێنرێت، لەڕاستیدا پاداشتکردن جۆرێکە لە بەهێزکردنی ئەرێنی، زۆرێک لە منداڵان سەرەڕای دابینکردنی پێداویستییەکانیان ڕەفتاری باش ئەنجام نادەن، دایک و باوکی ئەم منداڵانە لەبەرانبەر ڕەفتارە خراپەکانیان هەست بە بێدەسەڵاتی دەکەن، کەواتە بۆ ئەوەی هەڵسوکەوتی خراپی منداڵەکەتان ڕاست بکەنەوە، پێویستە زیاتر گرنگی بە شێوازەکانی هاندان و سزادانی منداڵەکەتان بدەن.

بۆچی دەبێت هانی منداڵەکەمان بدەین؟

منداڵ بەشێوەیەکی سروشتی پێویستی بە وەرگرتنی پاداشت و هاندان هەیە، چونکە بەم کارە پاڵنەری پێویست وەردەگرێت بۆئەوەی کارەکانی ئەنجام بدات، لەڕاستیدا ئەنجامدانی کارەکانی ڕۆژانە لەلایەن منداڵەوە، وەکوو گەیشتن بە ئامانجی تایبەتە لە هەر قۆناغێکی گەشەکردندا، وەکوو ڕۆیشتن، خواردن، دانیشتن و چوون بۆ قوتابخانە پێویستییان بە پاڵنەر و هاندانە، ئەم پاڵنەرە یارمەتیان دەدات بۆ ئاسانکاری لە ئەنجامدانی ئەم کارانە.

بۆ هەر هاندانێک چی پاداشتێک بەکاربهێنین؟

بێگومان پێویستە بزانین کە پاڵنەری منداڵ تەنیا پاداشتی کاش نییە وەکوو (بووکەڵە، شوکولاتە، پارە)، سەرەتا پێویستە بە پاڵنەرە دەرەکییەکان دەست پێ بکەن، بەڵام وردە وردە ڕێگە بە منداڵ بدەن پاڵنەرە ناوخۆییەکان بەدەست بهێنێت واتا منداڵەکە زۆر وابەستەی پاداشت نەبێت، بەڵکوو پێویستە ڕەچاوی میانڕەوی بکرێت و وردە وردە پاڵنەرەکانی زیاد بکرێت، هاندانی زۆر بۆ منداڵ زیانی دەبێت.

چۆن بە شێوەیەکی کاریگەر هانی منداڵ بدەین؟

یەکێک لە هەڵە پەروەردەییەکانی دایک و باوک ئەوەیە کە شێوازی نادروست و ناکاریگەر بەکاردەهێنن بۆ هاندانی منداڵ، هاندانی کاتێک کاریگەری دەبێت کە لە کاتی گونجاودا ئەنجام بدرێت، بۆئەوەی زۆرترین کاریگەری هەبێت، لەبری ئەنجامەکە گرنگی بە بڕی هەوڵ و چالاکییەکانی منداڵەکە بدەن و بە هاندانی زارەکی بەهێزی بکەن، بۆنموونە ئەگەر منداڵەکە لەگەڵ هاوتەمەنەکانی لە کێبەرکێدایە، دەتوانن پێی بڵێن “ئێمە شانازی بە هەوڵەکانتەوە دەکەین و هەر ئەنجامێک بەدەستی بهێنیت بۆ ئێمە بەنرخە".

کاریگەرییەکانی هاندان لەسەر منداڵ چین؟

هاندانی منداڵ بەشێوەیەکی دروست و لە کاتی خۆیدا، کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی منداڵ دەبێت.

  • زیاتر نرخی خۆی دەزانێت، لەکۆتاییدا توانای متمانە بەخۆبوونی زیاد دەکات.
  • سروشتی مرۆڤ بە شادی ڕادەگرێت، ئەگەری سەرکەوتن لە بوارە جیاوازەکانی ژیان زیاد دەکات.
  • زیادکردنی ڕەفتاری باش لە منداڵدا.
  • بەرزکردنەوەی ورەی منداڵ و کاریگەری لەسەر قۆناغەکانی تری، بەتایبەتی نەوجەوانی.
  • سەلامەتی دەروونی و لەکۆتاییدا ڕێگریکردن لە خەمۆکی.

چۆنیەتی هاندانی منداڵ

ڕاستگۆ بن

هەندێك جار دایک و باوک زۆر ستایشی منداڵەكەیان دەكەن بۆ ئەوەی متمانەی بەخۆبوونی بەرزبکەنەوە، ڕەچاوی پێوەری ڕاستگۆیی ناكەن، لەبیرتان بێت ستایشی درۆ زیانی زۆری لێدەكەوێتەوە، لەم حاڵەتەدا ڕەنگە منداڵ پێی وابێت کە شایەنی ئەو هاندانە نییە و خۆی تاوانبار بکات.

وشەی تایبەت بەکاربهێنن

لەبری بەکارهێنانی وشە ئاساییەکان بۆ هاندانی منداڵ هەوڵبدەن داهێنەر بن و لە کاتی ستایشکردندا ئاماژە بە بەشێک لە کارەکانی منداڵەکە بدەن، نیشانی بدەن کە لەنزیکەوە گرنگی بە کارەکانی دەدەن، ئەمەش ئەنجامێکی گەورەی دەبێت.

ستایشی ماندووبوونی منداڵەکە بکەن نەک سەرکەوتنەکەی

یەکێک لەو هۆکارانەی کە مرۆڤ زیرەکترین بوونەوەرە لەسەر زەوی، ئەوەیە کە مرۆڤ هەمیشە دەیەوێت فێرببێت و لە هۆکار و کاریگەریی پرسەکان تێبگات، کاتێک ستایشی منداڵەکەتان دەکەن بۆ ئەو هەوڵەی کە دەیدات، منداڵەکە سەرکەوتن بە هەوڵەوە دەبەستێتەوە، هەموومان توانای هەوڵدانمان هەیە، بەڵام زۆربەی کات ئەنجامەکەی لە دەستی ئێمەدا نییە، ئەم شێوازە بیرکردنەوەیە وا لە منداڵ دەکات باوەڕ بە زیادکردنی لێهاتوویی و تواناکانی بکات.

دوور بن لە بەراوردکردن

هەندێک کات بەراوردکردن بۆ ئەوە ئەنجام دەدرێت کە منداڵ زیاتر هەوڵ بدات یان باشتر بێت، کێشەکە لەو کاتەوە دەست پێدەکات کە منداڵەکە لەم دۆخەدا شکست دەهێنێت، بۆ نموونە بەڕێوەبەری کۆمپانیاکەت بەراوردت دەکات لەگەڵ هاوکارەکەت، ئەگەر کارکردنت باشتر بوو، بەدڵنیاییەوە هەست بەباشی دەکەیت، بەڵام ئەگەر شکستت هێنا، بە ئەگەرێکی زۆرەوە ناڕەحەت دەبیت یان تەنانەت تووشی خەمۆکی دەبیت، ئەمە منداڵانیش دەگرێتەوە، منداڵ دوای شکست واز لە بەراوردکردن ناهێنێت و درێژە بەم بەراوردکردنە دەدات، تەنانەت ڕەنگە بەخەیاڵیدا بێت کە هەمیشە شکست و سەرکەوتنی خۆی لەگەڵ کەسانی تر بەراورد بکات و ئەمەش زیانی پێدەگەیەنێت.

دوور بن لە زیادەڕۆیی لە ستایشکردن

کاتێک دایک و باوک ستایشی شتە سادەکان دەکەن یان زۆر ستایشی هەر شتێک دەکەن، کاریگەری نەرێنی لەسەر منداڵەکە دەبێت، ئه‌مەش دوو كاریگه‌ری جیاوازی هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ زۆر بڕوای به‌خۆی بێت، ڕەنگه‌ ببێته‌ هۆی خۆپەرستی منداڵه‌كه‌، ئەگەر منداڵەکە متمانەی بەخۆی کەم بێت، جگە لەوەی متمانە بەخۆبوونی منداڵەکە کەمتر دەکاتەوە، پاڵنەرەکانی منداڵەکەش لەناودەبات، هەروەها ئەمەش وادەکات منداڵەکە هەمیشە چاوەڕێی ستایشکردن بکات.


سەرچاوەکان



1652 بینین