منداڵبوون لەناو ئاودا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-10-16-22:24:00 - کۆدی بابەت: 6899
منداڵبوون لەناو ئاودا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

منداڵبوون لە ئاودا ئەو منداڵبوونەیە کە لە حەوزێکی پڕ لە ئاودا دەکرێت و دایکەکە تێیدا دادەنیشێت و یەکێکە لە ڕێگا بێ دەرمانەکانی منداڵبوونی سروشتی بە بێ ئازار و دایکەکە ئازارێکی کەمتری دەبێت.

چ کەسانێک دەتوانن لەناو ئاودا منداڵیان ببێت؟

ئەگەر هات و خانمێک بیت کە کەمترین کێشەت تووش بووبێت لە ماوەی دووگیانیدا و دڵنیابووبیتەوە لەوەی کە دەتوانیت بە ڕێگای سروشتی منداڵت ببێت، ئەوا دەتوانیت ئەم ڕێگایە هەڵبژێریت، هەروەها باشترە کە چەند ڕۆژێک پێش منداڵبوونەکە لەسەر ئەم بابەتە قسەت لەگەڵ پزیشکەکەتدا کردبێت و بڕیاری کۆتایی لەلایەن پزیشکەوە بووبێت.

چ کەسانێک ناتوانن لەناو ئاودا منداڵیان ببێت؟

  • منداڵەکە سوار بێت، واتە سەری لە سەرەوە بێت و قاچی لە خوارەوە.
  • دایکەکە دووگیان بێت بە دوو منداڵ یاخود زیاتر.
  • منداڵەکە نەبەکام بێت واتە پێش کاتی خۆی لەدایک ببێت.
  • منداڵەکە پێش یاخود کاتی منداڵبوون پیسایی بکات بە خۆیدا.
  • دایکەکە نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان یاخود هەر جۆرە نەخۆشییەکی دیکەی ڤایرۆسی هەبێت.
  • دایکەکە بەرزی پەستانی خوێنی هەبێت.
  • دایکەکە هەوکردنی هەبێت.
  • لە ڕۆژانی کۆتایی دووگیانیەکەدا دایکەکە تایەکی بەرزی هەبێت.
  • دایکەکە تووشی خوێنبەربوون بووبێت.
  • ٢٤ کاتژمێر تێپەڕیبێت بەسەر تەقینی پەردەی سەراوی دایکەکەدا.
  • منداڵبوونی پێشتری دایکەکە بە نەشتەرگەری بووبێت نەک سروشتی.

لە هەر یەکە لەم حاڵەتانەدا نابێت لە ئاودا منداڵی ببێت دایکەکە چونکە مەترسی دروست دەکات لەسەر ژیانی دایک و منداڵەکە بۆ نموونە ئەگەر دایکێک توشبووی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان بێت لە کاتی منداڵبوونەکەدا بە هۆی ئاوەکەوە نەخۆشییەکە دەگوازرێتەوە بۆ منداڵەکەی، یاخود ئەگەر خوێنبەربوونی هەبێت پێش منداڵبوون لەناو ئاودا ناتوانرێت ئەندازەی خوێنبەربوونەکە بزانرێت کە ئایا ئەم خانمە چەند خوێنی لەدەست داوە.

قۆناغی یەکەمی منداڵبوون لە ئاودا

قۆناغی یەکەمی منداڵبوون لەو کاتەوە دەست پێ دەکات کە گرژبوون دەست پێ دەکات تا ئەو کاتەی کە ملی منداڵدان بە تەواوی دەکرێتەوە، لەم کاتەدا دەتوانیت بچیتە ناو ئاوەوە، بە هەر جۆرێک کە ئاسوودەتر بیت دەتوانیت لەناو حەوزەکەدا پاڵکەویت، بە دانیشتنەوە و یاخود هەردوو ئەژنۆت بخەیتە سەر زەوی، یان پاڵکەویت و سەرینێک بخەیتە ژێر سەرتەوە، هەروەها تاکوو ڕووناکی کەمتر بێت باشترە، چونکە هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسین و ئەندرۆفین لە ڕووناکی کەمدا زیاتر وەڵام دەدەنەوە.

سوودەکانی ئەم قۆناغە

  • کەمبوونەوەی ئازار
  • خێراکردنی پڕۆسەی منداڵبوونەکە.


قۆناغی دووەمی منداڵبوون لە ئاودا

ئەم قۆناغە لەوکاتەوە دەست پێ دەکات کە ملی منداڵدان بە تەواوی کراوەتەوە و خانمەکە دەست دەکات بە پاڵنان تاکوو منداڵەکە بێت دەرەوە، هێشتا پزیشکان ڕێککنەکەوتوون لەسەر ئەوەی کە ئایا خانمەکە لە قۆناغی دووەمیشدا هەر لە ئاودا بمێنێتەوە یاخود بێتە دەرەوە، زۆر جار دەترسن لەوەی کە خانمەکە پێویست بکات نەستەرگەری بۆ بکرێت و لەم حاڵەتەدا تاکوو خانمەکە لە ئاوەکە دەهێننە دەرەوە پێویستی بە چەند خولەکێک هەیە، بەڵام ئەگەر لە دەرەوە بێت زووتر فریا دەکەوێت بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا چەند سوودێکی هەیە وەک:

  • کەمکردنەوەی پەستانی دەروونی دەردانی هۆڕمۆنی ئەندرۆفین بۆ کەمکردنەوەی ئازار.
  • زیادکردنی وزەی دایکەکە بۆ کۆتا ساتەکانی منداڵبوونەکە.
  • زیادبوونی کێشهاتنی زێ و کەمبوونەوەی مەترسی بڕین و تەقەڵ لە بەشی خوارەوەی زێدا.
  • دایکەکە زیاتر سەرنج دەخاتە سەر منداڵبوونەکەی چونکە ئازاری کەمترە و باری دەروونی جێگیرترە.
  • کەمبوونەوەی گرژبوونی منداڵدان.
  • زیادکردنی گەیاندنی ئۆکسجین بۆ سییەکان.
  • یارمەتیدان بۆ کەمکردنەوەی پەستانی خوێن کە بە هۆی ترسەوە دروست بووبێت.
  • کەمکردنەوەی کێشی دایکەکە لە داهاتوودا.
  • باشترکردنی سوڕی خوێن.

لێکەوتە خراپەکانی منداڵبوون لەناو ئاودا

  • نابێت ٦ کاتژمێر پێش چوونە ناو ئاوەکەوە هیچ جۆرە ئازار شکێنێکت بەکارهێنابێت.
  • لەوانەیە گرژبوونەکانی دایکەکە لە ئاوەکەدا لاواز ببێت یاخود هەر نەمێنێت.
  • دەبێت وریابن کە پزیشک پلەی گەرمی ئاوەکە جێگیر بکات، چونکە ئەگەر ئاوەکە سارد بێت دەبێتە کێشە بۆ منداڵەکە.
  • مەترسی گواستنەوەی نەخۆشی لە دایکەکەوە بۆ منداڵەکە.
  • کێشهاتن یاخود قرتانی ناوکە پەتک کاتێک منداڵەکە هەڵدەگرن، واباشترە منداڵەکە بە سووکی بخرێتە سەر سنگی دایکەکەوە.
  • لە بوونی هەر حاڵەتێکی بەپەلەدا دایکەکە ناچار دەبێت کە لە ئاوەکە بێتە دەرەوە.

ئایا ئەگەری هەیە کاتی منداڵبوونەکە منداڵەکە لە ئاودا بخنکێت؟

زۆر پرسیارە کە ئایا کاتێک منداڵەکە دێتە دەرەوە و دەکەوێتە ناو ئاوەکە چۆن ناخنکێت، لەڕاستیدا ئەگەری خنکانی منداڵەکە هەیە بەڵام زۆر کەمە، منداڵ کاتێک لە سکی دایکیدایە پێویستی بە هەناسەدان نییە، چونکە لە ڕێگەی خوێنی دایکەکەوە ئۆکسجینی پێ دەگات، بۆیە کاتێک دەکەوێتە ئاوەکەوە جەستەی وادەزانێت کە هێشتا لەناو منداڵدانی دایکیایەتی و چونکە لە منداڵدانیشدا لەناو شلەی سەراودایە، بۆیە کە دێتە دەرەوە هێشتا سییەکانی نەکراوەتەوە و ئاو ناچێتە ناویەوە و ڕاستەوخۆش دوای هاتنە دەرەوەی لە ئاوەکەدا دەردەهێنرێت.

دوای منداڵبوونەکە لە ئاودا وێڵاشەکە چۆن دێتە دەرەوە؟

دوای ئەوەی منداڵەکە لەدایک بوو قۆناغی سێیەمی منداڵبوونەکە دەست پێ دەکات کە تێیدا وێڵاشەکە دێتە دەرەوە، واباشترە کە دوای منداڵبوونەکە خانمەکە لە ئاوەکە بێتە دەرەوە و لە وشکانیدا وێڵاشەکە فڕێ بدات.

چ کاتێک پێویست دەکات لە ئاوەکە بێیتە دەرەوە؟

  • ئەگەر هات و مامانەکە پیسایی منداڵی بینی، واتە منداڵەکە هێشتا نەهاتووەتە دنیاوە و بەڵام پیسایی کردووە بە خۆیدا.
  • ئەگەر دایکەکە تووشی خوێنبەربوونێکی توند ببێت.
  • منداڵبوونەکە نائاسایی ببێت بۆ نموونە پەستانی خوێنی دایک بەرز ببێتەوە یاخود لەناکاو پلەی گەرمی جەستەی بگۆڕدرێت.
  • لێدانی دڵی منداڵەکە بگۆڕێت.
  • دایکەکە بییەوێت بڕواتە تەوالێت.


سەرچاوەکان



1353 بینین