بێهێزی و ماندوویەتی لەماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - مونا ڕزگار - به‌روار: 2021-08-10-22:29:00 - کۆدی بابەت: 6241
بێهێزی و ماندوویەتی لەماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

هۆکارەکانی بێهێزی و ماندوویەتی لە ماوەی دووگیانیدا

ماندوویەتی و بێهێزی لە ماوەی دووگیانیدا زۆر ئاساییە و هەموو دایکێک هەستی پێ دەکات بە تایبەت لە ١٢ـیەمین هەفتەی دووگیانیەکەدا زۆر باوە، و چەند هۆکارێکی دیاریکراوی هەیە.

کەمکردنەوەی خواردنی دایکەکە لە لایەن منداڵەکەوە

یەکەمین هۆکار بریتییە لەوەی کە یەکەمین ئامانجی منداڵەکە خواردنی هەموو سەرچاوە خۆراکییەکانی دایکەکەیە، دایک دەبێتە دووەمین کەس کە سوود وەربگرێت لەو ماددە خۆراکییانەی کە دەیخوات، واتە لە سەرەتادا تەواوی ماددە خۆراکییەکان و ئۆکسجین دەچێت بۆ منداڵەکە و ئینجا دایکەکە لێی سوودمەند دەبێت، بۆیە بە هەر لێدانێکی دڵی منداڵەکەت وزە و چالاکی لە دایکەکەدا کەم دەکات.

دابەزینی پەستانی خوێن

لە ماوەی دووگیانیدا پەستانی خوێن ڕۆڵێکی سەرەکی هەیە، چونکە جەستە ناتوانێت بە خێرای و وەک جاران پەستانی خوێن ڕێک بخات، دایکەکە دووچاری دابەزینی پەستانی خوێن دەبێتەوە، کاتێک دایکەکە دەگاتە سێ مانگی دووەمی دووگیانیەکەی پەستانی خوێن دەگاتە کەمترین ئاستی خۆی، هەڵبەتە لەگەڵ گەورەبوونی منداڵەکەشدا پەستانی خوێن بەرەو باشتربوون دەچێت بەڵام هەر نزمە.

کاتێک کە پاڵکەوتوویت و لەناکاو هەڵدەستیتەوە و ڕادەوەستیت بە پێوە لەوانەیە هەست بە ماندوویەتی و بێهێزی بکەیت و هەندێک جار تەنانەت بشکەویت، چونکە پەستانی خوێنت ناتوانێت بە خێرایی بارەکەی خۆی بگۆڕێت و کەمێکی پێ دەچێت.

کەمبوونەوەی هیمۆگڵۆبین 

هیمۆگڵۆبین پڕۆتینێکە کە ئاسنی تێدایە و ڕەنگی خوێنی جەستە بە هۆی هیمۆگڵۆبین و ئۆکسجینەوەیە کە سوورە، جگە لەوەی کە هۆکارێکە بۆ ڕەنگی سووری پێست، هەروەها لەگەڵ ئۆکسجیندا پێکەوە بەهێزی دەبەخشن بە خڕۆکە سوورەکان تاکوو بە خێرای خوێن بگەیەنێتە تەواوی خانەکانی جەستە، لە ماوەی دووگیانیدا بڕی هیمۆگڵۆبین کەم دەکات تاکوو خوێن ڕوونتر ببێتەوە، چونکە خوێنی ڕوون به ئاسانی بەناو وێڵاشدا دەڕوات، منداڵەکە جۆرێکی جیاوازی هیمۆگڵۆبینی هەیە کە کە ئۆکسجین لە دایکەوە وەردەگرێت، کەمبوونەوەی هیمۆگڵۆبینیش هۆکارێکی دیکەیە بۆ بهێزی و ماندوویەتی.

بەرزی ڕێژەی هۆڕمۆنی ئیسترۆجین

جگە لە ماندوویەتی و بێهێزی کێشەی خەویشت بۆ دروست دەبێت ئەویش بە هۆی ڕێژەی بەرزی هۆڕمۆنی ئیسترۆجینەوە.

لاوازی کۆئەندامی بەرگری جەستە

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان لاوازی کۆئەندامی بەرگرییە لەماوەی دووگیانیدا، کە وادەکات جەستە زووتر تووشی نەخۆشی ببێت، وەک پەتا باوەکان و هەڵامەت و کە ئەمەش وادەکات بێهێز و ماندوو ببیت.

کاری ڕۆژانە

جەستە گۆڕانکاری زۆری بەسەردا دێت لە ماوەی دووگیانیدا و توانای جارانت نامێنێت، ئەو خانمانەی کە کاریان هەیە لە دەرەوە و لە ماوەی دووگیانیشدا ناچارن بەردەوام بن لە کارەکەیان و لەگەڵیشیدا کاری ماڵەوە دەکەن زیاتر دووچاری بێهێزی و ماندوویەتی دەبنەوە

ماندوویەتی و بێهێزی لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا

ئەو خانمانەی کە ئازاری مەمکیان هەیە و یاخود حاڵەتی دڵتێکچوون و ڕشانەوەیان زۆرە و کاری زۆر دەکەن لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیاندا زیاتر دووچاری بێهێزی و ماندوویەتی دەبنەوە.

ماندوویەتی و بێهێزی لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیدا

لە سێ مانگی دووەمدا ئەو وزەیەی کە لە سێ مانگی یەکەمدا لە دەستت چووە دووبارە دێتەوە و هەست بە باشبوون دەکەیت، بەڵام مەرج نییە هەمیشە وابێت و زۆرینەی حاڵەتەکان لە سێ مانگی دووەمی دووگیانیشدا هەر بێهێزی و ماندوویەتی ڕوویان تێ دەکات.

ماندوویەتی و بێهێزی لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا

لە سێ مانگی سێیەمی دووگیانیدا بە هۆی ئەوەی کە کێشی منداڵەکە زۆر دەکات و جەستەت قوورس دەبێت کارەکانی ڕۆژانە قورس دەبێت بۆت، هەروەها کێشەی خەوت بۆ دروست دەبێت بە هۆی زۆر میزکردن و هەروەها قورسی جەستەتەوە کە نازانیت چۆن بخەویت، نەخەوتن و پشوونەدان هۆکارێکە تاکوو بێهێز و ماندوو ببیت.

چەند ڕێگایەک بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ماندوویەتی و بێهێزی لە ماوەی دووگیانیدا

پشوو بدە

ڕۆژانی ئاسایی جەند پشووت داوە دەبێت زیاتری بکەیت و زیاتر پشوو بدەیت، ڕۆژانە بڕۆ جێگا نوستنەکەت و پشوو بدە بەڵام دوورکەوە لە خواردنی ئاو پێش پشوودان و نوستن تاکوو زوو زوو هەڵنەستیتەوە بۆ میزکردن.

بەرنامەڕێژی بکە بۆ ژیانت

ژیانت ڕێکبخەرەوە و ئەگەر ناتوانیت وەک جاران و ڕۆژانی ئاسایی کارەکانت بەڕێوە ببەیت ئەوا، لام ماوەیەدا واز لە هەندێک کار بهێنە و زۆر لە خۆت مەکە تاکوو تەندروست بیت و داوا لە خزم و هاوڕێیانت بکە کە لە کارە قورسەکانی ماڵەوەدا هاوکارتبن.

ژەمە خۆراکی تەندروست

ئەو خواردنانە بخۆ کە پڕ پڕۆتین و وزەن و وزە بە جەستە دەبەخشێت، پڕۆتین و ماددەی ئاسن و دانەوێڵەکان و کالۆری و سەوزە و میوە و بە بڕی پێویست بخۆن، هەروەها ڕۆژانە ئاو و شلەمەنی زۆر بخۆنەوە.

وەرزش کردن

لەوانەیە بڵێیت کە ماندوو بهێزیت و توانای وەرزشت نییە، بەڵام ڕۆژانە تەنها ٣٠ خولەک بە پێ ڕۆشتن یارمەتیدەرە تاکوو بێهێزی و ماندوویەتیت نەمێنێت و هەروەها هەستی خۆشیت پێ دەبەخشێت و دڵ و دەروونت ئارام دەکاتەوە.

زاڵ ببە بەسەر دەروونی خۆتدا

بیر لە ڕووداوی باش بکەرەوە و مەهێڵە ماندوویەتی و بێهێزی بەرەو نائومێد بوونت ببەن، کاتێک لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانی زۆر بێهێزیت بیر لەوە بکەرەوە کە بەدڵنییایەوە لە سێ مانگی دووەمدا زۆر باش دەبم و هەروەها لە سێ مانگی سێیەمشدا بیر لەوە بکەوە کە زۆری نەماوە ببیتە دایک.

چ کاتێک سەردانی پزیشک بکرێت؟

ماندوویەتی و بێهێزی لە ماوەی دووگیانیدا زۆر ئاساییە بەڵام ئەگەر ئەم چەند نیشانەی دیکەی لەگەڵ بوو سەردانی پزیشک بکە:

- تەواوی ڕۆژەکان و بەردەوام لەگەڵت بێت و هەستی نائومێدی پێ بەخشیبیت.

- ئەگەر دووچاری کێشەی هەناسەدان بوویت و بەردەوام بوو لەوانەیە ماندوویەتی و بێهێزییەکەت بە هۆی کەمخوێنییەوە بێت

- کاتێک بە تەواوی خەوت تێکچووبوو نەتوانی بخەویت و بە هۆی ئەمەوە ماندوویەتی و  بێهێزییەکەت زۆر زیاتر بوو



1202 بینین