بەرزی فشاری خوێن لە ماوەی دووگیانیدا

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-03-21-23:43:00 - کۆدی بابەت: 3519
بەرزی فشاری خوێن لە ماوەی دووگیانیدا

ناوه‌ڕۆك

بەرزی فشاری خوێن

بەرزی فشاری خوێن دوای هەفتەی بیستەمی دووگیانی ئەگەر نیشانەی تری لەگەڵدا نەبێت، دەکرێت نیشانەی نەخۆشی فشاری خوێنی ماوەی دووگیانی بێت، کۆنترۆڵ نەکردنی لەکاتی خۆیدا دەتوانێت مەترسی بێت بۆ گیانی دایکەکە و کۆرپەکە.

دیاریکردنی بەرزی فشاری خوێن لەماوەی دووگیانیدا

لەکاتی گرتنی فشاری خوێن بۆ ئافرەتەکە ئەگەر بەرزتر بوو لە ۱٤۰ بە ۹۰ ئەوا پێی دەوترێت بەرزی فشاری خوێن، بەرزی فشاری خوێن بە گشتی نیشانەیەکی زۆر دیاریکراوی نییە بۆ دیاریکردنی حاڵەتەکە مەگەر لە حاڵەتێکدا کە فشاری خوێنەکە زۆر بەرز بێت، لە کاتێکدا کە فشاری خوێنی دایکەکە دوای هەفتەی بیستەم لە دووگیانی، لەدوای چەند جار گرتنی فشار بۆی بەرز بێت، پزیشک بۆ بەدواداچوون و توشبوونی دایکە دووگیانەکە بە (preeclampsia)، بڕیار دەدات بەپشکنینی میز، (preeclampsia) نەخۆشییەکی جدییە کە تێیدا لەکاتی دووگیانیدا فشاری خوێن بەرز دەبێتەوە و هەروەها پڕۆتین بوونی دەبێت لە میزدا، کێشەکانی جگەر و گورچیلە، سەرئێشە یاخود کێشە لە بینیندا دروست دەبێت 
لە کاتێکدا کە نیشانەکانی (preeclampsia) بوونی نەبێت و تەنها دایکەکە بەرزی فشاری خوێنی هەبێت پزیشکەکە نەخۆشیەکەی دیاری دەکات بە بەرزی فشاری خوێن لەکاتی دووگیانیدا، ئەگەر دایکەکە پێش کاتی دووگیانیش بەرزی فشاری خوێنی هەبووبێت یاخود پێش هەفتەی بیستەم توش بووبێت، ئەوا بەرزی فشاری خوێنی درێژخایەنە کە جیاوازە لە بەرزی فشاری خوێن لەکاتی دووگیانیدا

ئەو حاڵەتانەی دەبنە هۆكار

ئەو دایکانەی کە ئەم حاڵەتانەیان هەیە ئەگەری زیاترە کە توشی بەرزی فشاری خوێنن ببن لە کاتی دووگیانیدا:

١- قەڵەوی و بەرزی کێش لەکاتی دووگیانیدا

٢- سکپڕبوون لە تەمەنی چل ساڵ بەرەوسەرەوە

٣- کێشەی درێژخایەنی گورچیلە یان جگەر

٤- پێشتر لە خێزانەکەیان بەرزی فشاری خوێن هەبووە یاخود (preeclampsia) هەبووە واتە حاڵەتی بۆماوەیی

کاریگەری بەرزی فشاری خوێن لەسەر دایک و کۆرپەکە

لەماوەی دووگیانیدا هەرچەندە فشاری خوێن بەرزتر بێت یان لە هەفتەکانی سەرەتای دووگیانییەوە ڕووبدات، مەترسی زیاتری دەبێت بۆ دایک و کۆرپەکە، خۆشبەختانە زۆرینەی ئەو ئافرەتانەی کە تووشی بەرزی فشاری خوێن دەبن لەماوەی دووگیانیدا تەنها توشی حاڵەتێکی سوک دەبن لەم نەخۆشییە، و بەگشتیش لە کۆتایی ماوەی دووگیانیاندا توشی دەبن، ئەم کەسانە ئەگەرێکی کەمی هەیە کە پێویستیان بە هاندەری منداڵبوون یاخود نەشتەرگەری منداڵبوون هەبێت، هاندەری منداڵبوون واتە (کاتێک دایکەکە خۆی نەتوانێت منداڵەکەی ببێت و گرژبوون لە منداڵدانی ڕوونەدات ئەوە لە ڕێگەی دەرمانەوە ئەو گرژبوونەی بۆ دەکرێت تاکوو منداڵەکەی ببێت)، بەگشتی حاڵەتێکی ئاساییان هەیە و دەتوانن بەردەوامی بدەن بە دووگیانی ئاسایی خۆیان، ئەو دایکانەی کە تووشی بەرزی فشاری خوێن دەبن لەماوەی دووگیانیدا زیاتر ئەگەری هەیە کە تووشی (preeclampsia) ببن لەماوەی دووگیانیدا یان دوای منداڵبوون، لە حاڵەتێکدا کە بەرزی فشاری خوێن لەماوەی دووگیانیدا پێش هەفتەی ۳۰ دەستی پێ کردبێت ئەگەری زیاترە بۆ توشبوون بە (preeclampsia)

نیشانەكانی

لە حاڵەتی بوونی نیشانەکانی (preeclampsia) وەک
١- ئاوسان
٢- زیادبوونی لەناکاوی کێش
٣- سەرئێشەی بەردەوام یاخود توند
 ٤- گۆڕانکاری لە بینیندا 
٥- ئازاری سەرەوەی سک
٦- بوونی هەستیاری بە دەست لێدان
٧- دڵتێکچوون و ڕشانەوە
٨- بینینی پەڵەخوێن یاخود خوێنبەربوونی دامێن
٩- هەستیاری بە دەست لێدانی منداڵدان یاخود ئازاری منداڵدان

ئەم حاڵەتانەت هەبوو بەخێرای سەردانی پزیشک بکە، هەروەها توشبوون بە بەرزی فشاری خوێن لەماوەی دووگیانیدا، دایکەکە ئەگەری هەیە تووشی هەندێک شتی تر ببێت وەک :

١- سنوورداربوونی گەشەی ناوەوەی منداڵدان
٢- لەدایکبوونی پێش وەختە و مردنی کۆرپەکە لە سکی دایکەکەدا

لەم حاڵەتانەدا پزیشک بە چڕی دایک و کۆرپەکەی دەخاتە ژێر چاودێری پزیشکییەوە

هەنگاوی پزیشک چییە؟

هەنگاوی پزیشك دوای دیاریکردنی حاڵەتی بەرزی فشاری خوێن لەماوەی دووگیانیدا:

لەبەرئەوەی کە بەرزی فشاری خوێن دەتوانێت کاریگەری بخاتە سەر هاتووچۆی خوێنی کۆرپەکە، پزیشک بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی و گەشەی کۆرپەکە، هەروەها بەدواداچوون بۆ ڕێژەی شلەی دەوری کۆرپەکە، داوای سۆنەر و پشکنینی (biopysical profile) لە حاڵەتێکدا ئەگەر پزیشکەکە کێشەیەک بدۆزێتەوە لە سۆنەرەکەدا، ئەگەری هەیە بۆ بەدواداچوونی زیاتر داوای پشکنینی تر دەکات وەک سۆنەری (Doppler) ئەمەش سۆنەرێکی تایبەتە کە هاتووچۆی خوێنی کۆرپەکەت دەردەخات لە دەمارەکاندا، تاوەکوو هاتووچۆی خوێنی کۆرپەکە زیاتر بەدواداچوونی بۆ بکرێت، هەروەها پزیشک بۆ ئەگەری ئەوەی کە حاڵەتی (preeclampsia) ڕووبدات داوای کۆمەڵێک پشکنینی خوێن و میز دەکات، لەوانەیە پێویست بکات دووجار لە هەفتەیەکدا فشاری خوێن بگیرێت بۆ دایکە دووگیانەکە و هەموو هەفتەیەک پشکنینی خوێنی بۆ ئەنجام بدرێت.

ئەگەر کەسەکە تووش بووبێت بە (preeclampsia) ئەوا ئەم پشکنینانە یارمەتی پزیشک دەدەن بۆ زووتر دیاریکردنی ئەو حاڵەتە، هەروەها بۆ بەدواداچوونی سەلامەتی کۆرپەکە، بەشێوەیەکی بەردەوام لەوانەیه سۆنەر و پشکنین داوا بکرێت، دوای دیاریکردنی نەخۆشیەکە کۆنترۆڵ کردنی نەخۆشیەکە لەلایەن پزیشکەوە، بە پێوانی بەرزبوونی فشاری دایکەکە، پەیوەندی هەیە بە سەلامەتی و گەشەی منداڵەکە و هەروەها ئەوەی کە ماوەی دووگیانیەکەی چەندێک تێپەڕیووە.
ئەگەری هەیە پزیشک نەخۆشەکە بگوازێتەوە بۆلای پزیشکێکی لێهاتووتر و تایبەت بە حاڵەتەکانی دووگیانی زۆر مەترسیدار.

ئەگەر نەخۆشییەکە پێش هەفتەی ۳۷ دیاری بکرێت، فشاری خوێنەکە زۆر بەرز نەبێت و بارودۆخی کۆرپەکەش باش بێت، ئەگەری هەیە  پشوو بدرێت بە دایکەکە و پێویست بە چارەسەری زۆر نەکات، لەم حاڵەتەدا داوا لە دایکەکە دەکرێت کە کۆنترۆڵی فشاری خوێنەکەی بکات، هەروەها پێویستە بە شێوەیەکی بەردەوام سەردانی هەبێت بۆ لای پزیشک و تاکوو پشکنینی پێویست بکرێت بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی دایک و کۆرپەکە.
ئەگەر فشاری خوێنەکە زۆر بەرز بوو، واتە ۱٦۰ بە ۱۱۰ بوو یاخود بەرزتریش، لەوانەیە پزیشک دەرمانێک بۆ دابەزاندنی فشاری خوێنەکەی بنوسێت و تا کاتی لەدایکبوونی منداڵەکە پێویست بکات دایکەکە لە نەخۆشخانە بخەوێنرێت و لەژێر چاودێریدا بمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



1367 بینین