ناوهڕۆك
نادیدەگرتنی هەستەکانی منداڵ
منداڵ وەک هەر مرۆڤێکی دیکە، خاوەنی هەست و سۆزە، بگرە بوونەوەرێکی زۆر هەست ناسکە! بۆیە دەبێ لە دەربڕینی هەست و سۆزەکانیدا ئازاد بێت و لەلایەن دایک باوکی یان کەسوکاری، دەمکوت نەکرێت یان هەستەکانی فەرامۆش نەکرێن، مخابن! هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە نادیدەگرتنی هەست و سۆزەکانی منداڵ.
هۆكارەكانی
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- لاوازی ئاستی زانستی و ڕۆشنبیری دایک و باوک.
- هەست نەکردن بە بەرپرسیارییەتی.
- بێباکی و خەمساردی.
- لەبەرچاو نەگرتنی کەسایەتی منداڵ.
- هەڵچوون و تووڕەیی.
- گرنگی نەدان بە بەهرە و تواناکانی منداڵ
- چاولێکەری.
- ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- نەخوێندنەوەی منداڵ و بەهەڵە سەرەدەریکردن لەگەڵ هەست و سۆزەکانی.
زیانەکانی ئەم هەڵەیە
ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک، بە شێوەیەکی زانستییانە و بابەتییانە سەرەدەری لەگەڵ هەست و سۆزەکانی منداڵ نەکەن. چەندین زیانی گەورەی لێ دەکەوێتەوە، لەوانە:
- منداڵ دووچاری کۆمەڵێک گرێی دەروونی دەبێتەوە.
- هەست و سۆزەکانی منداڵ بە شێوەیەکی ئاسایی گەشە و نەشونما ناکەن.
- منداڵ دەبێتە کەسێکی گۆشەگیر و دوورەپەرێز.
- منداڵ ناتوانێ خۆی لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر و هاوڕێیانی بگونجێنێت.
- لە ئەرک و کارەکانیدا ڕووبەڕووی کێشەی جددی دەبێتەوە.
- لە ژیاندا کەسیکی سەرکەوتوو نابێت.
- کێشە و کەلێن و درز دەکەوێتە نێوان دایک و باوک و منداڵ.
- هەستەکانی مندال بریندار دەبن.
- منداڵ لە خۆشی و شادییەکان بێبەش دەبێ.
- مندال لە ژیانیدا دەبێتە کەسیکی هەستیار و خەمۆک، هەروەها زوو زوو هەڵدەچێت.
- منداڵ لە ئایندەدا، دووچاری گۆشەگیری و دوورەپەرێزی دەبێتەوە.
- کۆمەڵگە لە توانای ئەم جۆرە منداڵانە بێبەش دەبێت.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
ئەرکی دایکان و باوکانە ڕێز لە هەس و سۆزی منداڵەکانیان بگرن و دەرگەتی ئەوەیان پێ بدەن، کە بە شێوەیەکی ئازاد گوزارش لە هەست و سۆزی خۆیان بکەن، بۆ هێنانی دی ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوە گرنگانە بنێن:
- پێویستە دایکان و باوکان، کەشوهەوایەکی پڕ لە سۆز و خۆشەویستی لە ناو خێزاندا بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی مندال لە دۆخێکی تەندروستدا گەشە بکات.
- پێویستە خۆ لە بەکارهێنانی هەموو جۆرە توندوتیژییەک بپارێزن.
- پێویستە کێشەکانیان لە ڕێگەی دانوستاندنەوە چارەسەر بکەن.
- دەبێ دایک و باوکەکان بزانن بە چ شێوەیەک سەرەدەری لەگەڵ هەست و سۆزەکانی منداڵەکانیان بکەن.
- دەبێ منداڵ بە ئازادی گوزارشت لە هەست و سۆزەکانی خۆی بکات.
- دەبێ دایک و باوکەکان گوێ لە منداڵەکانیان بگرن و هەست و سۆزەکانیان بە هەند وەربگرن.
- دەبێ دایک و باوکەکان بزانن کە نادیدەگرتنی هەست و سۆزەکانی منداڵ چ زیانێکی بۆ خودی منداڵ و خێزن و کۆمەڵگە هەیە.
- دەبێ دایک و باوکەکان ئاشنا بن بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- دەبێ دایک و باوکەکان بە شێوەیەکی ئارام و دوور لە توندوتیژی سەرەدەری لەگەڵ منداڵ بکەن.
- دەبێ دایک و باوکەکان خۆیان لە تۆڵەسەندنەوە و ناکۆکی و کێشە و بگرە و بەردەکانی ناو خێزان بپارێزن، بە تایبەتی لە پێش چاوی منداڵەکانیان.
سەرچاوەکان
848 بینین