ناوهڕۆك
هەڵبەستنی تۆمەتی بێ بنەما بۆ منداڵ
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوکان دەیگرنەبەر، هەڵبەستنی تۆمەتی بێبنەمایە بۆ منداڵ، واتە هەندێ کار و سیفەت دەدەنە پاڵ منداڵ، کە منداڵ لەو کار و سیفەتانە دوورە و تێوە نەگلاوە، بۆ نموونە پێی دەڵێن: درۆزن، فێڵباز، ئەدەب سست، تەمبەڵ، چاوشۆڕ و کڵآوچی و قومارچی و کڵاوچی و ...تاد.
هۆكارەكانی
زیاتر ئەمەش بۆ چەند هۆکارێکی جیاجیا دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- پەی نەبردنی دایک و باوکەکان بە زیانەکانی ئەم دانەپاڵە و هەست نەکردن بە مەترسییەکانی ئەم کارە هەڵەیە.
- هەڵەشەیی و نەبوونی وردبینی لە کار و کردار و ڕەفتارەکانیاندا.
- تفەنگ بە تاریککەوە نان.
- خۆسەپاندن و خۆهەڵکێشان.
- چەوساندنەوە و سەپاندنی هەژموونی خۆیان.
- نەزانین و بێئاگایی و ناوشیاری دایک و باوک.
- لاوازی ئاستی زانستی و خوێندەواری.
- پابەند نەبوون بە بنەما ئاینی و ڕەوشتییەکان.
- خەمساردی و بێباکی و کەمتەرخەمی دایک و باوک.
- نەبوونی ژینگەیەکی تەندروست.
- ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.
- زوو بڕیاردان و وردنەبوونەوە لە کار و هەنگاوەکانیاندا.
ئەڵبەتە ئەگەر دایک و باوک ئەم هەڵەیە ڕاست نەکەنەوە و خۆیان لە هەڵبەستنی تۆمەتی بێبنەما نەپارێزن، هەم خۆیان، هەم منداڵەکانیان و کۆمەڵگەش ڕووبەڕووی کێشە دەکەنەوە.
كێشەكانی هەڵبەستنی تۆمەت
گرنگترین ئەو کێشانەش ئەمانەن:
- منداڵ بە شێوەیەکی ناتەندروست پەروەردە دەبێت.
- منداڵ بڕوا و متمانەی بە خۆی و دایک و باوکی نامێنێ.
- دووچاری هەڵە و کاردانەوەی خراپ دەبێت.
- بۆ خۆ دەربازکردن لەو تۆمەتانە پەنا بۆ درۆ و کاری نابەجێ دەبات.
- هەستی خۆبەکەمزانین بەسەر ناخ و دەروونیدا زاڵ دەبێت.
- پەیوەندی نێوان دایک و باوک و منداڵ لاواز دەبێت.
- ژینگەی خۆجێیی و دەروبەر و کۆمەڵگە بە گشتی بە چاوێکی کەم سەیری منداڵ دەکات.
- منداڵ دووچاری گۆشەگیری دەبێت.
- منداڵ پەنا بۆ هاوڕێ و دۆستی خراپ دەبات.
- خێزان لە سۆز و خۆشەویستی بەتاڵ دەبێتەوە.
- منداڵ ناتوانێ پشت بە تواناکانی خۆی ببەستێت و لە کارەکانیدا سەرکەوتوو نابێت.
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایک و باوک ئەم هەڵەیە دووبارە و چەندبارەی نەکەنەوە و بگەڕێنەوە بۆ سەر ڕێگەیەکی ڕآست و دروست و پردێکی پتەوی پەیوەندی لە نێوان خۆیان و منداڵەکانیان دروست بکەن.
دەبێ ئەم خاڵانەی خوارەوە لەبەرچاو بگرن:
- نابێ پەنا بۆ تۆمەتی هەڵبەستراو و بێبنەما ببەن.
- دەبێ هەمیشە هەوری بەدگومانی و دڵپیسی بڕەوێننەوە و بە ڕاشکاوانە قسە لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.
- نابێ پێش ڕووداوەکان بکەون و زوو بڕیار بدەن.
- دەبێ لەگەڵ منداڵەکانیان دۆست و هاوڕێ بن، بۆ ئەوەی هیچ شتێکیان لێ نەشارنەوە.
- دەبێ کارەکانی خۆیان بە پرس و ڕاویژ ئەنجام بدەن.
- دەبێ لێبوردە بن و لە کاتی پێویست چاوپۆشی لە هەندێ هەڵەی منداڵەکانیان بکەن، بە تایبەتی ئەگەر هەڵەکە بچووک بێت و بە ئەنقەست نەبووبێت و دەرهەق بە ئەوان بووبێت، تاکو ببێتە هەوێنی سۆز و خۆشەویستی.
- دەبێ دایک و باوک دووربین و وردبین و واقعبین بن و خۆیان لە کورتبینی بەدوور بگرن.
- دەبێ پەیوەندییەکانیان لەگەڵ منداڵەکانیان لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی بێت و دوور بێت لە توندوتیژی و شەڕەنگێزی و شکاندنەوە و تەرقیکرندەوە و ...تاد.
- تا بە بەڵگە ساغنەبێتەوە، نابێ هیچ تۆمەتێک بدەنە پاڵ هیچ کەسێک، بە تایبەتی منداڵەکانیان.
- دەبێ سادە و خۆشباوەڕ نەبن و تڤەنگ بە تاریکییەوە نەنێن و ئارامگر و دانبەخۆداگر بن.
سەرچاوەکان
462 بینین