بێبەشکردنی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-02-05-14:53:00 - کۆدی بابەت: 1983
بێبەشکردنی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک

ناوه‌ڕۆك

بێبەشکردنی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک

هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ لە دایکان و باوكان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بێبەشکردنی منداڵ لە سۆز  و خۆشەویستی خۆیان، چونکە سۆز و خۆشەویستی کلیلی بەختەوەری تاک و کۆمەڵگەیە، هەر خێزان و کۆمەڵگەیەک لەسەر بناغەی سۆز و خۆشەویستی بنیاد نەنرابێت، زوو یا درەنگ دەڕووخێ و هەڵدەوەشێتەوە و پەرتەوازە دەبێت.
مخابن زۆریک لە دایکان و باوکان ئەم بابەتە بە هەند وەرناگرن و حەزە سۆزدارییەکانی منداڵەکانیان تێر ناکەن و فەرامۆشی دەکەن.
ئەڵبەتە دەرونناس و کۆمەڵناسەکان پێیان وایە سۆز و خۆشەویستی دایک و باوک، کاریگەرییەکی زۆری هەیە لەسەر کەسایەتی منداڵ، چونکە هەر وەک چۆن گوڵ پێویستی بە ئاو هەیە، تاکو سیس هەڵنەگەڕێ و وشک نەبێ، ئاوا منداڵیش پێویستی بە سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی دایک و باوک هەیە بۆ ئەوەی لە گشت ڕوویەکەوە گەشە بکات و بە شێوەیەکی تەندروست بێتە پەروەردە کردن و تێگەیاندن و پێگەیاندن و کەسایەتییەکی بەهێزی هەبێت و پتوانێ خۆی لە هەمبەر شەپۆلە توندەکانی ژیانی بگرێ و بە شێوەیەکی سەرکەوتوویانە کەشتی خۆی بگەیەنێتە کەناری ئارامی و بەختەوەری.
بەداخەوە هەڵەیەکی دیکە لەو هەڵانەی کە زۆر دایک و باوک دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە بێبەشکردنی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی و میهرەبانی خۆیان.
ئەمەش بۆ چەند هۆکاریک دەگەڕێەتەوە، لەوانە:

هەبوونی کێشە و بگرە و بەردەی خێزانی.

هەبوونی گرێی دەروونی.

هەبوونی ڕق و قینە و دڵڕەقی و خۆبەزلزانی.

بێبەشبوونی دایک و باوک لە سۆز و خۆشەویستی باوانیان.

سەرقاڵبوونی دایک و باوک بە کاری ڕۆژانی خۆیان و فرەکاری و ...تاد.

ئاشنا نەبوون بە بنەما زانستی و پەروەردەییەکان.

گەورەبوونی دایک و باوک لە ژینگەیەکت توندوتیژدا.

ئاشنا نەبوون بە مافەکانی منداڵ.

بێگومان بێبەشکردنی منداڵ لە سۆز و خۆشەویستی لە لایەن دایکان و باوکانەوە زیانێکی زۆر بە منداڵە دەگەیەنێت، بە تایبەتی لە ڕووی سۆزداری و دەروونی و هزی و زاسنتی و کۆمەڵایەتییەوە، کە دەتوانینلە چەند خاڵیکدا چڕیکەینەوە:

هەست بە خۆبەکەمزانین دەکات.

بڕوا و متمانەی بە خۆی نامێنێت.

کەسێکی دڵڕەق و نامیهرەبان دەبێت.

کەسێکی شەرمن و گۆشەگیر دەبێت.

نابێتە کەسیكی کۆمەڵایەتی.

گۆشەگیر و دوورەپەرێز دەبێت.

پەیوەندییەکی سست و لاوازی دەبێت لەگەڵ دایک و باوک و کەسوکارەکانی.

لە ڕووی دەروونی و سۆزدارییەوە گەشە ناکات.

لە ژیانی هاوسەرگیریدا سەرکەوتوو نابێت.

خۆی بە بەشخوراو دەزانێت.

ڕووبەڕووی کێشەی خێزانی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە.

هەست بە خەمۆکی دەکات.

دووچاری خەوزڕان دەبێ.

حەزی بۆ خواردن نابێت.

 

چارەسەر کردنی ئەم هەڵەیە

پێویستە دایک وباوک لەو ڕاستییە حاشاهەڵنەگرە تێبگەن کە وا بەخشینەوەی سۆز و خۆشەویستی بە منداڵەکانیان، لە ئەرکە هەرە گرنگەکانیانە، چونکە سۆز  وخۆشەویستی دایک و باوک بۆ مندال دەبێتە هەوێنی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و بەزەیی و دوورکەوتنەوە لە توندوتیژی و شەڕەنگێزی و تووڕەیی و هەستکردن بە دڵئاسوودەیی و کامەرانی.
بۆیە پێویستە تا ئەوپەڕی توانا، سۆز و خۆشەویستی خۆیان بە منداڵەکانیان ببەخشن، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:

بە نەرم و نیانی ڕەفتار لەگەڵ منداڵەکانیان بکەن.

خۆشەویستی خۆیان بۆ منداڵەکانیان دەرببڕن.

دوورکەونەوە لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک.

منداڵەکانیان لە ئامێز بگرن و ماچ بکەن.

دیاری و خەڵاتیان پێ ببەخشن، بە تایبەتی لەسەر کارە چاکەکانیان و بۆنە جیاجیاکان.

یاری و گاڵتەیان لەگەڵدا بکەن.

پێکەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بچن بۆ پار و شوێنە خۆش و گەشت و گوزارییەکان.

پێکەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بۆ هەندێ شوێن سەفەر بکەن.

بە شێوەیەکی پراکتیکی فێرە چەمکی میهرەبانی و مرۆڤدۆستی و ژیانپەروەردی و دلۆڤانی و لێبوردەیی و دانوستاندن بکەن.

بە شێوەیەکی مرۆڤدۆستانە سەردەری لەگەڵ مندالەکانیان بکەن.

جیاکاری لە نێوان منداڵەکانیان نەکەن.

ڕێز لە منداڵەکانیان و تایبەتمەندیەکانیان بگرن.


سەرچاوەکان



1902 بینین