پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا
هەڵەیەک لەو هەڵە باوانەی کە هەندێ دایکان و باوکان دەرهەق بە منداڵەکانیان ئەنجامی دەدەن، بریتییە لە پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا.
ئەمەش بۆ چەند هۆکارێک دەگەڕێتەوە، لەوانە:
- دەوڵەمەندی و خۆشگوزەرانی دایک و باوک.
 - بە ناز پەروەردەکردنی منداڵ لە لایەن دایک و باوک.
 - ئاشنا نەبوونی دایک و باوک بە شێوازە زانستی و پەروەردەییەکان.
 - خۆدەرخستن و خۆهەڵکێشانی دایک و باوک لە ناو خەڵک و خزم و کەسەکاندا.
 - نەبوونی پلان و بەرنامەی پێشوەخت.
 - نزمی ئاستی زانستی دایک و باوک.
 - نەبوونی ئامانج و مەبەست.
 - بیرنەکردنەوە لە ئایندەی ئەو کارە هەڵەیە.
 - ئاشنا نەبوون بە شێوازە پەروەردەیی و زانستییەکان.
 
بێگومان پارە هەڵڕشتن بەسەر منداڵدا، زیانێکی زۆر بە خودی منداڵ و دایک و باوک دەگەیەنێت و زۆر جار بە کارەسات کۆتایی دێت! گرنگترین ئەو زیانانەش ئەمانەن:
- منداڵ ناتوانێ پشت بە خۆی ببەستێت و هەمیشە پشت بەدایک و باوکی و کەسانی دیکە دەبەستێت.
 - لە دۆخە دژوارەکاندا ناتوانێ کەری خۆی لە قوڕێ دەربێنێت!
 - کەسێکی تەمبەڵ و تەوەزەل دەردەچێت.
 - هەمیشە چاوی لە دەستی ئەم و ئەو دەبێت.
 - بەناز پەروەردە دەبێت.
 - سوود لە توانا و بەهرەکانی خۆی وەرناگرێت.
 - متمانەی بە خۆی نابێت.
 - بەرگەی نەخۆشی و ناخۆشییەکانی ژیان ناگرێ و لە ژیاندا سەرکەوتوو نابێت.
 
چارەسەرکردنی ئەم هەڵەیە
بۆ ئەوەی دایک و باوک نەبن بە هۆکارێک بۆ لاساری و بەلاڕێدا بردنی منداڵەکانیان، دەبێ ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بهاوێژن:
- دەبێ بە ئەندازە پارە بە منداڵەکانیان بدەن، کە نە شیش بسووتێت و نە کەباب.
 - دەبێ زیاد لە پێویست ناز بە منداڵ نەدەن.
 - دەبێ هەر لە منداڵییەوە منداڵ لەسەر چەمکی بەپرسیارییەتی ڕابێنن.
 - دەبێ خۆیان لە زێدەخەرجی و دەستبڵاوی بەدوور بگرن.
 - دەبێ بەپێی توانا و تەمەنی منداڵ، ئەرک و بەرپرسیارییەتی پێبدرێ.
 - دەبێ خۆیان لە چاولێکەری و لاساییکردنەوەی کوێرانە بەدوور بگرن.
 - نابێ گشت داواکارییەکانی منداڵ جێبەجێ بکەن، بە تایبەتی داواکارییە ناپەسەندەکانی.
 - دەبێ خۆیان ئاشنا بکەن بە تیۆرە زانستی و پەروەردەییەکان.
 - دەبێ لە خەرجکردنی پارەدا، چاودێری منداڵ بکرێ و ڕێنمایی بکرێت بۆ ئەوەی بە لاڕێدا نەڕوات و لاسایی کەسانی دیکە نەکاتەوە و زیاد لە حەد پارە خەرج نەکات.
 - دەبێ دۆست و ڕەفیقی چاک بۆ منداڵەکانیان بدۆزنەوە و لە هاوڕێی خراپ دووریخەنەوە.
 - دەبێ منداڵ لەسەر ئەو بنەمایە پەروەردە بکرێت کە ئەوەی مافی هەبێت ئەرکیشی لەسەرە.
 
سەرچاوەکان
 1388 بینین